ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جۆوی هوود، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا و وڵاتەکەی، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا.

لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، خوازیاری چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و لە ژێر هیچ گوشارێکیشدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.