سەلام عەبدوڵڵا
لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووماندا، هەرگیز گەلەكەمان بەرەو ڕووی هێرشێكی بەربڵاو و فراوان و گەلێك ترسناكی لەم هێرشانەی ئەمڕۆ كە دەكرێتە سەر چارەنووسی هەرێمەكەمان كە سەدەیەك گەلەكەمان خوێن و قوربانی بۆ دەدات نەبۆتەوە كە بە پلەی سەرەكیش لەلایەن هەوادارانی حزبە جۆراوجۆرەكانی زۆنی ڕەنگاوڕەنگەوە دەكرێتە سەر قەوارە و بوونی هەرێمەكەمان كە ڕەنگە لە سەرانسەری مێژووماندا بەو شێوەیە، تەنانەت لەلایەن دوژمنانیشەوە بەو جۆرە زەق و ڕاشكاوە نەكرابێتە سەر بوون و نەبوونمان.
ئێستا لەو زۆنە كاری سەرەكی -بە حساب- سیاسەتمەدار و هەوادار و لایەنگری زۆربەی ئەو حزبانە كاری پێشینەیان هەوڵی ڕووخاندنی هەرێم و قەوارەكەیەتی كە ئەمانە لەژێر ناوی جۆراوجۆردا، هەریەكەو بە هەوایەك و بە مەبەستێك كە ئامانجی سەرەكی داڕمانی هەرێمەكەمان و بەرامبەر تەنیا دەستكەوتی شەخسی ئامادەن هەموو كارێك كە خودی نەیارانی هەرێم نەیاندەتوانی ئەمان لەژێر دروشمی ئازادی ڕادەربڕین و بە تەنگەوەهاتنی هاووڵاتییان و داكۆكی لە دیموكراتی بیكەن كە ئامانجی سەرەكییان لەناوبردنی ئەم ئەزموون و دەستكەوتە مەزنەیە.
ئەوەتا حزبێكی تازە هەڵتۆقیویی گۆڕەپانی سیاسی لەو زۆنە زۆر بە ڕاشكاوی و بە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی- نەك باش لە مەبەستیان حاڵی نەبن- داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن كە بە پەلە فریای هەرێم بكەون، نەك بۆ پشتگیری و چارەسەری گرفتەكانی كە نەیاران لە بەغدا و دەورووبەری نەخەشی بۆ دادەڕێژن، بەڵكو بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و تێكدانی و گەڕانەوەی بۆ باوەشی عێراقێك كە ئەمڕۆ یەكێك لە خراپترین سیستەمەكانی جیهان پیادە دەكات، ئەویش حوكمی میلیشیای مەزهەبی جۆراوجۆرە كە بڕوای بە هەر چیەك بێت بڕوای بە ئازادی و دیموكراتی و فرەیی و پەرلەمان و سیستەمی فیدڕاڵی نییە.
لە ڕاستیدا ئەوانەی بەم كارە نانیشتمانیە هەڵدەستن ڕۆڵی بەكرێگیراوێكی زۆر قێزەوەن و بێزراو دەبینن كە خراپترین جۆری ناپاكییە كە نابێت بەهیچ جۆرێك لێیان قەبوڵ بكرێ، لەوە زیاتر مۆڵەت بەناوی ئازادییەوە- بدرێت و خوێن و خەبات و تێكۆشانی گەلێك لە بەین بەرن.









