بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە هەر خانەنشینێک پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆی وەرگرتبێت لێی وەردەگیرێتەوە.

لە راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا، حازم ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشینی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاندووە: “له‌ یاسای چاكسازی، مادده‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌ركه‌سێك پله‌یه‌كی له‌ پله‌ی شایسته‌ی خۆی به‌رزتر وه‌رگرتبێت و پێی خانه‌نشین بووبێت، ده‌بێت لێی وه‌ربگیرێته‌وه”.

فەرمانگەکە ئاماژەی بە ئەوەش داوە هەر لەسەر به‌بنەمای ئه‌و مادده‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشینی هه‌رێم‌،‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ڕێکەوتی ٧/٤/٢٠٢١ی زایینی، نووسراوێكی كردووه‌ و لیستێک ناویشیان لەگەڵ‌ هاوپێچ كردووه بۆ ئەنجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی پله‌كانیان بگۆڕدرێت، بۆ نموونه‌ یه‌كێك خۆی ڕاوێژكار بووه‌ و به‌ پله‌ی بریكاری وه‌زیر خانه‌نشین كراوه،‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ پله‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی كه‌ ڕاوێژكار بووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشینی هه‌رێمی کوردستان زیاتر گوتی: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه‌ ئه‌و پله‌یان لێ وه‌ربگرینه‌وه،‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌نها به‌ نووسراو داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ین بۆ گۆڕینی ناوونیشان یا ڕاستكردنه‌وه‌ی پله‌كه‌یان بۆ پله‌ی شایسته‌ی خۆیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كمان هه‌یه‌ كاریان له‌سه‌ر ناوه‌كان كردووه‌ و به‌ لیستێك ناوه‌كان ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌ن ده‌كه‌ین بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ پله‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان”.

‌ سه‌باره‌ت به‌ ئەوانه‌ی كه‌موكوڕی له‌ دۆسییه‌كانیان هه‌یه‌ حازم ئیسماعیل ڕایگه‌یاند: “ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ خۆیان بگونجێنن و هه‌ركاتێك خزمه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان گه‌ڕانده‌وه‌ وه‌ك خزمه‌تی (پێشمه‌رگایه‌تی یان دابڕان و ئاواره‌یی) و ته‌مه‌نیشی له‌ ٤٥ ساڵ تێپه‌ڕی بوو و خزمه‌تیشی گه‌یشته‌ ١٥ ساڵ، ئه‌وكات ده‌توانێت خانه‌نشین بێ”.