سەردار حوسێن

بۆ مێژوو دەیگێڕمەوەو بە تۆماركراویش لەلام پارێزراوە، بەڕێز ستران عەبدوڵڵا كە ئێستا بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، لەسەروبەندی ریفراندۆم سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ بوو، دیمانەیەكی تایبەتم لەگەڵی هەبوو و بەوپەڕی ئیشتیاقەوە پێیگوتم: ئەركی ئێمە تەشویقی ریفراندۆمە و دەبێ خەڵك هانبدەین، بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.

ئەوەم بۆیە گێڕایەوە، دەمەوێ بڵێم: پاشگەزبوونەوە لە هەر هەڵوێستێك مافی تاكە، بەڵام حاشاكردن لە رابردوو، عەیبەیە، جا ئەو (عەیبە)ـیە ئەگەر بۆ تاكێكی ئاسایی یەكجار عەیب بێت، بۆ میدیاكار و رۆژنامەنووس دووجار عەیبە، بەڵام كاك ستران و هاوئاوازەكانی شتێك لە بارەی عەیبەوە نازانن، ئەگەریش هەیە بیزانن و بەلایانەوە عەیب نەبێت، چونكە بەڕێزیان هێشتا سەرنووسەری كوردستانی نوێ بوون و لە هەمان ساڵدا تەسویقی 16ـی ئۆكتۆبەریان دەستپێكرد و حاشایان لە هەڵوێستەكانی پێشوویانكرد، بۆیە هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە كە ئەو بەڕێزە ئێستا وەك كەسێكی بێئاگا دەربكەوێت و ئەوەی نەبووە بیڵێت و ئەوەی هەشە حاشای لێبكات.

ئێستا لە خیتابێكی ئیعلامی پڕ هاشوهوش و بۆ شوێنبزركردنی ئەو هەرەسە ئیداری و سیاسی و جەماوەرییەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا ینك تێیكەوتووە، كۆمەڵێك لە پەلاماردەرانی ئەو حزبە لەسەر ئاستی میدیایی و سەركردایەتی حزبەكەو پەرلەمانیشدا دەستیانكردەوە بەو شەڕە ئیعلامییەی، كە زیاتر لە بیست ساڵە ستۆپی بە یەكێتی كردووەو هەروا بەرەو دواوەو دواوەتریش دەیكێشێتەوە، ئاخر یەكێتی كە ئیعلامێكی نابەرپرس و فەوزەوی لە هەرێمی كوردستان دروستكردووەو بەرپرسێكی فەوزەویش بەڕێوەی دەبات، بەشێك لە پەرلەمانتار و سەركردەكانیشی لەسەر هەمان ریتم و ئاواز دەخوێنن و گۆشكراوی ئەو فەوزایەن، بۆیەش لەهەر دەرفەتێك (شەلم كوێرم) پەلاماری هەموو شتێك دەدەن.

لەدوای راپەڕینەوە یەكێتی خۆی بە مالیكولمولكی سلێمانی و دەوروبەری دەزانی و شۆستەو شەقام و كۆڵانی زۆنەكەی سەوز كردبوو، بەڵام لەواقیعدا وانەبوو، چونكە زۆنە سەوزەكەی هەرێمی كوردستان، هەر حوبری سەر كاغەزبوو، بۆیەش ئەنجامەكەی بەوە گەیشت كە هیچ باڵندەیەك لەسەر گۆی زەوی نییە هێندەی ینك پەڕو باڵ و دەنووك و كلكی هەبێت، ئاخر جگە لە دەستەیەكی خۆسەپێنی بێ مۆراڵ و هیچ لەبارنەبوو، خۆ یەكێتی كەسیتری نەبووەو ئێستایش هەر نییەتی، یەكێتی هیچ كاتێك لە باڵۆنێكی فووتێكراو زیاتر نەبووە، چونكە بەردەوام هەوڵی جیابوونەوەو كودەتا و باڵباڵێن و بێسەروبەریی تەنزیمی و حزبی و ئیداریش، بەڵای سەختی گیانی یەكێتی بووە، ئەوەی كە جێگەی ئەسەفیشە دانیشتووانی سلێمانی و دەوروبەرین، كە بەردەوام باجی ئەو خۆسەپاندنەی یەكێتییان داوە.

لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی و دەوروبەری بە تایبەتی، تێڕوانینێكی هەڵە بۆ یەكێتی هەیە، كە پێیوایە پارە و چەك وایكردووە، یەكێتی بەردەوام بێت لەو گیانەڵایەی چەندین ساڵە بە پەككەوتەیی تیایدا دەژی، بەڵام راستییەكەی وانییە، یەكێتی هەر چەكی هەیە، ئەو پارەیەیش كە دەستیكەوتووە، بەحوكمی چەك بووە، نە وەبەرهێنانی كردووەو نە ئابوونەی ئەندامەكانیەتی، بەڵكو قووتی دانیشتووانی ئەو دەڤەرە و شایستە داراییەكانی سلێمانی بووە، كە لە هەولێرەوە بە مەبەستی پرۆژەی خزمەتگوزاری و قووتی خەڵك بۆ ئەوێ چووە، ئەگەر وانییە دەی پێمانبڵێن كوا پرۆژەكان و چیتان لەو هەموو پارەو داهاتە كردووە، كە بۆتان رەوانەكراوەو ئەوانەیش كە خۆتان وەك باج و سەرانە لە بازرگان و بزنسمان و (ئەملاوئەولاش) وەرتانگرتووە؟!

بیریشمان نەچێت، یەكێتی ئەمڕۆ نییە لە هەرەسی سیاسی و ئیداری و جەماوەریدایە، ناشبێت وەها تێبگەین كە غیابی خوالێخۆشبوو مام جەلال هۆكارەكەیەتی، نا، چونكە ئەوەی تا سەروبەندی ریفراندۆم یەكێتی بەپێوە راگرتبوو و نەیدەهێشت بكەوێت، پارتی بوو، پارتی كە چەندجارێك هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی مۆر كردووەو تا ئاستی رێككەوتننامەی ستراتیژیش، هەمیشە لاسەنگی یەكێتی پارسەنگ دەكردەوەو نەیدەهێشت حورمەتی لەكەداربێت و دواتریش هەربوو.!