سەلام عەبدوڵڵا، سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات، رایدەگەیەنێت، دوای 19 ساڵ لە رزگارکردنی عێراق، ئەوەی خەڵک بۆی تێدەکۆشا نەهاتووەتەدی، ئێستا لە عێراق میلیشیا دەسەڵاتی لە حکومەت زیاترە.

لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، سەلام عەبدوڵڵا، گوتی: “دوای لەناوچوونی رژێمی بەعس تەنها لایەنی کورد لە عێراق بە جیددی کاریکردووە، کورد توانی وڵاتەکەی خۆی بینا بکاتەوە و دامودەزگای دیموکراتی تاڕادەیەکی باش دابمەزرێنێت، بەڵام ئەوەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبینین سەدا سەد پێچەوانەیە، پیدەچێت لە بنەڕەتدا ئەمانە مەبەستیان نەبووە رژێم بگۆڕدرێت و سیستمێکی فرەیی، دیموکراتی و فیدراڵی لە عێراق بێتە کایەوە، بەڵکو لایەنە شارەواکەی خۆیان نیشاندا مەبەستیان بوو لایەنێک دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت و مەزهەبێک زاڵ بێت بەسەر عێراق، دیموکراتی و مەدەنی پشتگوێ بخرێت”.

گوتیشی: “لە راستیدا ئەوەی خەڵک بۆی تێدەکۆشا هەم عەرەبی عێراقی هەمیش ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەوە نەبوو کە پاشەڕۆژەکەی بەمشێوەیە بێت. هەموومان بە خەونی گەورەوە تێدەکۆشاین کە سەدام لەناوبچێت، سیستمێکی دیموکراتی و فیدراڵی و پەرلەمانی بێتە کایەوە”.

سەلام عەبدوڵڵا، راشیگەیاند: “خەڵک چاوەڕێ بوو دوای لەناوچوونی رژێمی بەعس کە 35 ساڵ بوو نەیدەهێشت خەڵک بە ئازادی بژیت، حزب دروست بێت و کورد داوای مافەکانی خۆی بکات،و خەڵک بەشداری کارای هەبێت، بە جۆرێک بگۆڕێت و کە ئەوەی ئەو رێگری لێکردووە بێتەدی، بەڵام ئەمڕۆ لە عێراق میلیشیا دەسەڵاتی لە سەرووی دەوڵەتەوەیە، پەرلەمانێکی کارتۆنی هەیە، هەندێک لەوانەی لەناو پەرلەمانن رۆژێک لە رۆژان لەناو ئۆپۆزسیۆن نەبوونە، فڕیان بە سیاسەتەوە نییە، کڕین و فرۆشتنی ئابڕوبەرانە بە پۆستەکانی عێراقەوە دەکرێت، ئەگەر رۆژانە تەماشای میدیا عێراقییەکان بکەین هەموو راستییەکان دەزانین، مرۆژ هەرگیز باوەڕی نەدەکرد سیستمێکی سیاسی لەم جۆرە لە عێراق بێتە کایەوە”.

باسی لەوەشکرد: “ئەو عەقڵیەتێکی زۆر دواکەوتوو لە عێراق زاڵە، بەخۆرێک لە هەندێک رووەوە لە بەعس خراپترە، لەم چەند ساڵەی رابردوو خەڵک لە عێراق لەسەر ناو دەکوژرا”.

ئەو نووسەرە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: “لە دوای رزگارکردنی عێراق بەردەوام مافی کورد پێشێل کراوە، ئەوەی ئێستا هەیە لە چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان و عێراق نەبوو، بەجۆرێک مەترسییەکان بۆ سەر کوردستان زیاتر بێت، سەرۆک کۆماریش لێی بێدەنگ بووە، هەوڵەکانی ئێستاش بۆ ئەوەیە کە کەسێکی دیکە بکرێت بە سەرۆک کۆمار رێگری لە پێشێلکارییەکان بکات”.