زێنەب یووسفی

 سادیقی هیدایەت کەڵەنووسەری ئێرانی، نووسەر و وەرگێڕ و ڕووناکبیری خەڵکی تاران. لە ساڵی ١٢٨١ لە دایکبوو و ساڵى ١٣٣٠دا لە پاریس خۆی کوژت. هیدایەت چیرۆک نووسێکی مەزن بوو کە توانی لەو ژیانە کورتەدا کارکردێکی ئێگجار زۆری هەبێت لە سەر ئەدەبی چیرۆکی فارسدا. بەم بۆنەوە ئەو توانی شێوازی نوێی  چیرۆک لەنێوان ئەدەبی فارسدا پێک بێنێت و بەم بۆنەوە  فرەیەک لە  نووسەرانی پاش ئەو بوونە لاساییکەرەی شێوازی نووسینی هیدایەت. تا ئەو ڕادەیە کە ستایلێکی نوێی نووسین باو کرا بە نێوی ئەدەبی” کەندەبووی کوێر”.

”کەندە بووی کوێر” نێوی مەزنترین و درەوشاوەترین بەرهەمی سادقی هیدایەتە کە بە سی و دوو زمانی زیندووی دونیا وەرگێڕاوەتەوە. هەندێک لە ڕەخنەگەرانی چیرۆکی هیدایەت دەڵێن ڕواڵەتی ئەوین وئەوینداری لە چیرۆکەکانی هیدایەت دا ”پیس” پیشاندراوە. واتە عەشقی پیس لە تایبەتمەندیەکانی چیرۆکی هیدایەتە. هەڵبەت لە نیگای منەوە وەکوو چیرۆکنووسێکی نوێ بیر ئەو ”پیس” بوونەی ئەوین لە چیرۆکەکانی هیدایەتدا، واتایەکی فەلسەفی هەیە و پیشاندەری دونیا بریندار و خوڵەمێشیەکەی هیدایەتە کە لەو سەردەمەدا کەس نەیتوانی بوو لێی تێبگات؛ یان ئەگەر لە کامێرایەکیترەوە سەیری ”ئەوینی پیسی” هیدایەت بکەین تێدەگەین کە لە زۆربەی چیرۆکەکانی هیدایەتدا دونیا خوڵە مێشییە، خۆشییەکان هەبوونیان نییە و زۆرتر مردن و نەمان، خەیانەت و درۆیە کە خۆیان داسەپاندووەتە سەر جیهانی چیرۆکی ئەودا. ئامانجی چیرۆکەکان لە داوێنی عەشقی پیسدا گەشە دەکات و هێدی هێدی باڵا دەکات و دەگاتە دونیای مردن. کەوایە زۆر ئاساییە ئەوین لە دونیای چیرۆکی هیدایەتدا پیس هەڵگەڕێت وببێتە هۆکاری سەرەکی مردن و نەمان و کوشتن و بڕین و تەفەرە و درۆ. با ئاماژەش بەوە بکەم کە ئەو چیرۆکانە لە گێڕانەوەدا ئێگجار جوان دەرچوونە و خاوەن  جوانییەکانی خۆیانن و وەکوو چیرۆک و ڕەوایەتی داستانی خوێنەر هەڵدەفرێننە جیهانێکیترەوە . بەشێوەیەک  کە خوێنەر لە خوێندنی ئەو چیرۆکانە زۆر چێژ وەردەگرێت و بیر لە زۆر شت دەکاتەوە کە پێشتر هەر بیری لێیان نەدەکردەوە، واتە چیرۆکی هیدایەت مرۆڤ دەخاتە گێژاوی خەیاڵێکی قووڵ و کایەی فیکریدا ؛ هەرچەند ئەو گێژاوانە گێژاوە خوڵە مێشییەکانیش بن و خوێنەر له دونیای ناهۆمێدی و پووچەڵیدا نوقم بکەن.

ئایا هەموو ئەوینێک لەچیرۆکەکانی هیدایەتدا دەرنجامی نەمانە؟ بەڵێ، دەتوانم بیڵم کە زۆربەی ئەوینەکان دەبنە بکوژی کەسەکانی نێو چیرۆکەکە. بۆ نموونە: لە چیرۆکی ”داش آکل” واتە ” کاک سوڵتان”‘(آکل واتە پاشا، سوڵتان) ئەوینێک دێتە پێشەوە لەلایەن داش ئاکۆلەوە بۆ مەرجان. مەرجان کچی برادەرێکی داش ئاکۆلە کە لە کاتی مردندا سەرپەرشتیاری خێزانەکەی دەخاتە ئەستۆی داش ئاکۆلەوە.

داش ئاکۆلیش کە پاڵەوانێکی بەشەرەفە و کەڵە پیاو و دەستپاکی گەڕەکە و زۆریش خۆش ناوە و خەڵک بڕوایان پێیە، وەعد دەداتە برادرەکەی کە پاش ئەو ئاگای لە خاو خێزانی بێت. مەرجان ئەو  کچە جوانکیلەیە کە باوکی دەمرێت و داش ئاکۆل دەبێتە سەرپەرشتیاری؛ بەڵام  داش ئاکۆلی پاڵەوان پاش ماوەیەک هەست دەکات عاشقی مەرجان بووە و هەوڵ دەدات ئەوینی ئەو لە دڵی خۆیدا بشارێتەوە. تەنیا ڕازداری داش ئاکۆل تووتییەکی قسە وێژە کە بەردەوام لە تەنیاییەکانیدا  قسەی دڵی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە و هەمان تووتیش لە کۆتاییدا نهێنیەکەی ئەم  ئاشکرا دەکات. داش ئاکۆل مەرجان مارە دەبڕێت بۆ خوازیارێکی گەنج و لەبار و دواتر خۆی بەدەستی ”ڕۆسەم” دوژمنە دێرینەکەی دەکوژرێت. گوایە ئەوینی مەرجان وا لە داش ئاکۆل دەکات مردنی لا خۆشترە تاکوو مان و وای لێدێت کە رۆسەم زۆر بە ئاسانی داش ئاکۆل دەکوژێت.

هیدایەت لە چیرۆکێکی تریدا بە نێوی’ ‘لالە” لە کتێبی (سێ دڵۆپ خوێن) هەمدیسان پاڵەوانەکانی چیرۆکەکەی تووشی مردن و کوشتن دەکات.

کابرایەک بە نێوی ”خداداد” واتە (خواداو) عاشقی کچە منداڵێکی بە تەمەن دوازدە ساڵان دەبێت. کچەکە پەروەردەی دەستی خۆیەتی بەڵام کاتێ کچە بانگی لێ دەکات (بابە) ئەو هەست دەکات لە ئەوینی خۆیدا شکستی هێناوە و هەوڵ دەدات شێوازی عەشقی خۆی بگۆڕێت و وەکوو باوکێک سەیری لالە بکات. دواتر کە کچەکە لەگەڵ کوڕە جەهیڵێکدا دەبینت کە خەریکن قەپ لە سێو دەگرن و دەیخۆن تێدەگەیت کە لالە خەریکی ئەوینداریە لەگەڵ کوڕدا. بۆیە خواداو دەگەڕێتە بۆ کەوێڵەکەی و دەرگا بەڕووی خۆیدا دادەخات و ئیدی هەرگیز کەس نایبینێتەوە واتە هیدایەت بەجۆرێک لەکۆتاییدا ئاماژە دەکاتە مردنی خواداو کە لە تاوی ئەوینی لالەدا یان دیق دەکات یان خۆی دەکوژێت. هەمدیسان لەم چیرۆکەشدا سیمای ئەوین پیس هەڵدەگەڕێت دەبێتە بکوژی پاڵەوانی چیرۆکەکە.

لەچیرۆکی ”مردی کە نفسش را کشت” واتە (پیاوێک کە نەفسی خۆی کوشت)، هیدایەت دەروێشێک دێنێتە کایەوە کە پێی وایە پیری تەرێقەتەکەی کەسێکی باش و پاکە بەڵام دواتر دەرئەکەوێت پیری تەریقەت پیاوێکی ناپاک و خراپە. لەم ڕووەوە دەروێش تووشی ناهۆمێدی دەبێت و خۆی دەکوژێت .

لە ڕۆمانی کەندەبووی کوێریشدا عەشق لە پیسترین شێوەی خۆی دەردەکەوێت کە بەو پەڕی دڵڕەقییەوە مردنی لە دوادایە.

هیدایەت لەو کورتە ڕۆمانەدا پاڵەوانی چیرۆکەکەی لە خانوویەکی دوور لە شاردا خەریک دەکات بەژیانێکی تژی لە وەهم و خەیاڵ و ناهۆمێدی و تلیاک و کحول. ئەو نیگار کێشی سەر قەڵمدانەکانە. ئەو تێناگات لەکوێدا نیگارێکی سەیری و سەمەرەی بینیوە کە وای لێ کردووە کە بێ ئێختیار لەسەر هەموو قەڵەمدانەکاندا ئەو نیگارە بنەخشێنێت. نیگاری کچێک بەجل و بەرگێکی ڕەش و درێژەوە، فریشتە ئاسا و پرچ درێژ کە لەم بەری جۆگە ئاوێکەوە خەریکە لقە گولێکی نیلوفەر پێشکەشی پیرە پیاوێک دەکات کە لەژێر دار سەرۆیەکدا دانیشتووە و لە خۆیدا گرمۆڵە بووە و عاباکەی پیچاوەتە خۆیدا لە حاڵێکدا کڵاوەکەی لە کڵاوی هندێستانییەکان دەکات.

کوڕە ڕۆژێک لەکونی سەر شوورای چێشخانەکەییەوە چاوی دەکەوێتە دیمەنێکی سەیر، هەمان دیمەنی سەر قەڵمدانەکان کە دواتر ئالوودە دەبێتە نەخشاندنیان. دیمەنی کچێکی جوانی ڕەش پۆش کە خەریکە لقە گوڵێک پێشکەشی پیرە پیاوێک دەکات. پیرە پیاوێک  پێچراو لە عاباکەیدا لەژێر دار سەرۆیەک لەو پەڕی جۆگە ئاوێکەوە. دواتر چ هەوڵ دەدات ئەو دیمەنە نابینێتەوە. پاش تێپەڕینی دوو یان سێ مانگ ئێوارانێک کە لە پیاسە دەگەڕێتەوە چاوی بەژنێکی ڕەش پۆشی جوان دەکەوێت لەبەر درگای ماڵەکەیدا دانیشتووە. ژنە بێ دەنگ ومت لە گەڵیدا خۆی دەکاتە ماڵە و ڕاست دەڕواتە سەر قەرەوێڵەکە و ڕادەکێشێت. ژنە زۆرێک ماندووە، ئەڵێ مردنی لەگەڵ خۆیدا پەلکیش کردووەتە ژووری کوڕەوە. ژنە چاوەکانی دەنووقێنێت و بێ دەنگ ئەڵێی مردووە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. کوڕە دەڕوات و لە شەراوە کۆنەکەی پەیکێک تێدەکات و دەیکاتە قورگی ژنەدا بەڵکوو زیندووی بکاتەوە بەڵام سوودێکی نییە و تا دێت لەشی ژنە جوان و ڕەش پۆشەکە سارد و ساردتر هەڵدەگەڕێتەوە و کوڕە خێرا تێدەگەیێت ژنە جوانەکە کە ئێگجار لە کچە ڕەش پۆشەکەی نیگارەکانی دەکات، مردووە.

کوڕە بۆ داپۆشاندنی ئەو کارەساتە لای خۆی بڕیاڕ دەدات کە لاشەی ژنەکە هەپروون، هەپروون بکات و بیخاتە نێوان چەمەدانێکەوە. هەر چەند لەو چیرۆکەدا ژنە خۆی دەمێرێت بەڵام هەڵسووکەوتی کوڕەکە لە هەڵسووکەوتی ”بکوژەکان” دەکات . چونکە خەریکە ئەو مردنە دەشارێتەوە و جەستەی ژنە جوانەکە هەپروون،  هەپروون دەکات. وایە دیارە کوشتنێک لە سێبەری خەیانەتێکدا ڕوو داوە واتە هەمان عەشقی پیس کە زۆربەی چیرۆکەکانی هیدایەتی تەنیوە. کوڕە لەکۆتاییدا ژنە لەت وپەت دەکات و پارچەکانی لەشی دەخاتە چەمەدان و شەوانە دەیباتە دەرەوە تاکوو لەشوێنێکدا بیسپێرێتە خاک. ناکاو پیرە پیاوێکی شڕپۆشی کالیسکە سوار کە کالیسکەکەی تایبەت بە مردوو بردن لێی دێتە پێش. پیرە پیاو رێک لە وێنەی پیرە پیاوەکەی ژێر دار سەرۆەکە دەکات لە نیگارەکانی کوڕەدا. پیرە پیاو بێ قسە و باس بەو پەڕی قاقا لێدانەوە داوی لێدەکات خۆی و چەمەدانەکەی سەرکەون. لە کۆتاییدا لەگەڵ پیرە پیاوی سەیر وسەمەرە جانتاکە دەسپێرێتە خاک. لەو کاتەدا پیرە پیاو گوڵدانێک دەدۆزێتەوە و دەیداتە کوڕە. کوڕە لە گەڕانەوەدا بۆ ماڵ گوڵدان کە وێنەی جوتێک چاوی جوانی لەسەرە بەرانبەر خۆی دادەنێت و دەستدەکاتە شەراب خواردنەوە و تلیکا کێشین. پاش ماوەیەک کوڕە تووشی حاڵەتی جەزم دەبێت و خۆی لە دونیایەکی تردا دەبینێت. گوایە بەشی دووهەمی چیرۆکی کەندەبووی کوێر وا دەست پێدەکات کە لەو دونیایە خاوەنی هاوسەرێکی خاینە، هەرچەند کوڕەکە عاشقیەتی بەڵام ژنە لەگەڵ دەیان پیاودا ئەوینداری و جنس دەکات و بایەخ بە کوڕە نادات. کورە ژنەکەی بە نێوی (جندە) بانگ لێ دەکات. لەو دونیایە پیرە پیاوێکی شڕپۆشی دەسفرۆش هەیە کە بەردەوام بەساتی کەل و پەلەکانی بەرانبەر بە ماڵی کوڕە دادەنێت. پیرە پیاوێک لە وێنەی پیرە پیاوەکەی نیگاری سەرقەڵمدانەکان. ڕۆژێک دەگات کە ئیدی کوڕە خۆی بۆ ڕاناگیردرێت و بڕیاڕ دەداتە خۆی هاوسەری خراپکار بکوژێت، ئێسقانێکی کۆن لە پیرە پیاوەکە دەکرێت و بەو ئێسقانە چاوکانی هاوسەرە خراپکارەکەی کوێردەکات و لە کۆتاییدا دەیکوژێت و لە ژوورەکەی دەڕواتە دەرەوە و لە ئاوێنەدا سەیری وێنەی خۆی دەکات کە ناکاو پیر هەڵگەڕاوە و ڕواڵەتی پیرە پیاوە دەسفرۆشەکەی  لێ نیشتووە کە پێی وابوو فاسقی هاوسەرەکەیەتی.

هیدایەت لەم کورتە ڕۆمانەشدا ئەوینی پیسی کردووەتە بکوژی کەسەکان. واتە هۆکاری سەرەکی مردن و نەمان و کوشتن عەشقە، عەشقێکی پیس کراو بەدەستی مرۆڤە ناپاکەکانی دونیای چیرۆکەکانی سادقی هیدایەت.

سەرچاوەكان:

١-کتێبی (لێکدانەوەگەلێک لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێراندا)، دوکتۆر عەلی تەسلیمی

٢-کتێبی (ژیان و عەشق و مردن لە نیگای سادقی هیدایەتەوە)، ساپوور جەورکێش

٣-کتێبی(ڕاقەکاری لەسەر کەندەبووی کوێر)، محەمەد تەقی غیاسی