نووسينى/ باسۆ كۆرداخى- سوريا 

وەرگێڕانى/ روناك شوانى – سويد

خۆشحاڵم ئەمڕۆ باسی کەسایەتییەکی پایەبڵند، خاوەن بیروباوەڕێکی بەرز و تێکۆشەرێکی بەجەرگ لە مەیدانی ژیاندا بکەم. شاعیری کوردی عێراقیی کەژاڵ ئیبراهیم خدر. شاعیری داهێنەر و فەیلەسوف كه سەر بە قوتابخانەی شیعری نوێ و شیعری ئازادە.

خاتوو کەژاڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ساڵی ١٩٦٨ لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە شاری سلێمانی لە دایک بووە، فەرمانبەر بووە و هاوسەرگیری کردووە. دوو کچ و کوڕێکی هەیە. لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی بەنووسینی شیعر کردووە و لە زۆربەی ڤیستیڤاڵەکانی کوردستان بەشداری کردووە. حەفتا خەڵات و میدالیا و بڕوانامەی ڕێزلێنانی لەکوردستانی عێراق وەرگرتووە. پلەی یەکەمی شیعری بۆ دیوانی (شاری قەڵادزێ) بەدەستهێناوە و لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیریی عێڕاقەوە خەڵاتەکەی پێ بەخشراوە. لە کۆماری میسر لە بواری شیعردا پلەی شەشەمی بەدەست هێناوە و ١١٠ خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنانی وڵاتە عەرەبییەکان پێ دراوە.

خاوەنى چەندین دەقی ئەدەبییە و لەنێویاندا ٤٢ دیوانی شیعری بەزمانی کوردی و عەرەبى ولاتينى و فارسی، ئەمازيغى، لەسەر ئەرکی خۆی بڵاوکردۆتەوە. چەند دیوانێکی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی فارسی، لاتینی، عەرەبی و هەندێکیشی بۆ زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، ڕووسی و ئسپانی پاچڤەکراون. چەندین نامەی ماستەر و دوکتۆرایان لە زانکۆکانی کوردستاندا لە بارەوە نووسراون. هەروەها ١١٠ بابەتی ڕەخنەیی لەسەر شیعرەکانی بە زمانی کوردی نووسراون و لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی عێراق، سوریە، جەزائیر و ئێران بڵاوکراونەتەوە. دیوانێکی بەناوی (چاوێک بۆ عەشق باوەشێک بۆ خۆشەویستی) بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕدراوە.

ئەزموونی شیعریی کەژاڵ بە قووڵبوونەوەی بابەتی، پتەوی ساختاری هونەریی، ڕەوانبیژیی، تیژبێژی و دانسقە لە هەڵبژاردنی وێنە شیعرییەکانییدا ناسراوە. پانتایی وشە و وێنە لە شیعری کەژاڵ لە ترۆپکدایە. ئەمانە و جگە لە وێناکردنی ڕەوشی ژیان و کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی عێراقیی و ڕۆژهەڵاتی بەگشتی لە میانەی ئەو ژینگەیەی تیایدا گەورە بووە، بوێرانە ڕەخنەی لێ گرتوون و بە زمانی پاراو و ناسک ئاماژەی پێ داون.

شاعیری کورد کەژاڵ لە داڕشتنی دەقەکانییدا داهێنانی کردووە، بۆیە بە یەکێ لە ڕابەرانی شیعری نوێی کوردی یان ئەوی پێی دەگوترێ پەخشانەشیعر دەژمێردرێت، کە ڕەخنەگری فڕەنسایی (سۆزان بێرنارد) بەوە ناساندوویەتی، کە (دەقە پەخشانێکە بەڕادەی پێویست کورتەوەکراو، یەکگرتوو و وەکو پارچەکریستاڵێ تۆکمەیە). کەواتە، لە مەیدانی پەخشانەشیعردا کەژاڵ ئیبراهیم هیچی لە جەبرا ئیبراهیم جەبرا، تۆفیق سایغ، ئەدۆنیس، مەحەمەد ماغوت، ئەنسی ئەلحاج، شەوقی ئەبی شەقڕا و ئەوانی دی کەمتر نییە.

وریشەیەک لە دیوانی کەژاڵ ئیبراهیم
کەژاڵ کاریگەری ئەوین لەهەموو لایەنێکی ژیانی ژن بەم شێوەیە دەهۆنێتەوە

كە تۆم ناسی
گردێك بووم، بووم بەچیا
كانیەك بووم‌و بووم بە دەریا
شەوێكی ئەنگوستە چاوو بووم
بووم بە گزنگی بەیانی
باڵدارێكی ناو قەفەز بووم
گەڕامەوە بۆ سەرچڵی درەختەكان
بۆ نەغمەی خۆش، بۆ گۆرانی

هەروەها کەژاڵ سەبارەت بە نیشتمانێکی خاڵی لە ترس، لە ناپاکیی و ناپاکان، درۆ و درۆزنەکانەوە نووسیتی:
نیشتیمانەكەم
شەقامەكانی پڕن لەبۆنی ترس‌و
دەستەكانی پڕن لەبۆنی خیانەت‌و
زمانەكانی پڕن لەدرۆ
ئەم نیشتیمانە ناو بنێم چی

لە قەسیدەی (کۆترە سپییەکانی ئاشتی خوێن دەبەخشن) کەژاڵ باسی گیانفیدایی ژنی عێراقیی دەکات لە ئاشتی و جەنگدا، لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایشی هەمیشەیی، هەروەکو قدومی ساڵانەی وەرزی بەهار
لە نێو زامەکانی رۆحماندا
دەیان برینی دوێنێ ھەیە
نازانم چی بنوسم
نمەی باران و دڵۆپە فرمێسکەکانی ئێوە
یاخوود گەڵای وەریووی
ناڵەی پڕ لە ئازاری نیشتمان
نازانم چۆنتان بخوێنمەوە
رابردوی پڕ لەتریفەو
تیشکی زێڕینی ھەتاوی جوانیتان
یان شمشاڵی پڕ لە گەرووی خنکاوو
مەرگەساتی دایکی شەھیدانمان

کەژاڵ لە بەرامبەر قوربانیدانی ژناندا فیداکاریی پیاوانیش لەپێناو نیشتمان بەرجەستە كردووە و شکۆیی شەهیدانی بەرز نرخاندووە:
ئەو کاتەی شەڕ دەرگا بەنیشتیمان دەگرێ،
چاوی پڕ دەبێت لە فرمێسک و
مەرگی ھێواشی رۆڵەکانی و
چاوەکەی تری دەبێتە گۆڕستانێکی سەوز و
باڵای چناریش لق و پۆپی خەم دایدەگرێ

هەروەکو کەژاڵ دەڵێت، ڕەنگە فیداکاریی ژنان و پیاوان نیشتمان سەردەخەن، بۆیە ڕازاوە و لێوڕێژ لە ئەوین دەبێت
ئای نیشتمانی پر لە ئازار
ئەوان خەجاڵەت بن
ئەو ھەموو خوێنەمان بەخشی
ئەو ھەموو تەرمەیان بەرێکرد
تاکوو تریفەی مانگ دەرکەوێ
تاکوو لاولاوی ماڵەکەمان
ببێتە پەرژینی ناسک و
بەنێو رۆحماندا سەرکەوێ
تۆ چەند گوڵە ھەنارت بینی
چەند لقە داری پڕ لەگەڵای جوان و
چەندین پەپولەی ناسکت بەخشی
ئەوانەی بە ناوی تۆوە
رۆژانە پەیکەری خۆشەویستمان دەشکێنن
ئەوانەی رۆژانە بانگەوازی شەڕو
نوقڵانە دەبەخشنەوە
رۆژێک دادێ
لەبەردەم چریکەی پڕ لەئاوازی ئازادیدا
بە چۆکا دێن.…
بەوەی ژنی عێراقی لە ترسی عەیبە و ئابڕووی خۆی ئەوینداریی و دڵدارەکەی پەنهان دەکات، کەژاڵ دەنووسێت:
بە پاكیزەیی لەدایك بوون‌و
نەمانتوانی پاكێتی خۆمان بنووسینەوە
چاوێك نیە بۆ عەشق‌و
دڵێك نیە بۆ خۆشەویستی
ناچارین بەم خاكە بڵێن ماڵئاوا

لە هۆنراوەی (ئاونگی وەرینی گوڵەکان) دا کەژاڵ باسی دۆخی ڕاستەقینەی ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوین و نائاگایی لە ئەوینی ڕاستەقینە دەکات و دەڵێت:
به‌خۆشه‌ویستی له‌دایك بووم و
نازانم خۆشه‌ویستی پێناسه‌ بكه‌م
له‌ژیانێكدا ده‌ژین
مردن و ژیان جیاناكرێنه‌وه‌

هەر بۆیە دەبێت ئەوین لە دڵدا بەزیندوویی بمینێتەوە، چونکێ گەر کاڵەوە بوو هەرگیز وەکو خۆی لێنایەتەوە:
به‌چی ده‌چێ عه‌زیزم
كه‌ گۆڵه‌كان هه‌ڵوه‌رین
جارێكی تر به‌لقه‌وه‌ نانرێنه‌وه‌
كه‌ ئازاره‌كان تۆماركران
به‌له‌زه‌تی سه‌دان ماچیش ناسڕێنه‌وه‌

ژیانی هۆزانڤانی کورد کەژاڵ ئیبراهیم خدر گەلێک لەوە دەوڵەمەندترە، کە لێرەدا بەچەند دێڕێک باسی بکەین. بەرهەمە فیکریی و ڕۆشنبیرییەکانی کەژاڵ ناوەکەی لە دنیای ئێمەدا بەنەمریی دەهێڵنەوە. شاعیرە پایە بڵندەکەمان لە 24 نیسانی 2018 کۆچی دوایی کرد. دروود بۆ گیانی پاکی، یاد و یادەوەری شیرینی بەرز و نەمرە.