یاسین برایم

ماندوو كێیە؟
سەڵاح ڕەفیق بەكر ڕواندزیی، 12/9/1942 لە ڕواندز لەدایكبووە. ساڵی 1963 لە پارێزگای هەولێر بووە فەرمانبەر. ساڵی 1961- 1963 لە پەخشنامەی هەولێر كە لە لایەن شارەوانی هەولێر بە زمانی كوردی و عەرەبی دەرچووە. شیعری خۆی بڵاوكردەوە. هەر زوو تێكەڵ بە كاری سیاسەت بوو و چووە نێو شۆڕش. ساڵی 1971 گوازراوە قەزای چۆمان. ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران بووە. ساڵی دواتر چووە دەرەوەی وڵات و لە (كەنەدا) نیشتەجێ بوو. پەیمانگەی بزنسمانی لەو وڵاتە تەواو كردووە. ئەگەرچی شیعری زۆرە، بەڵام تا ئێستاكەش، شیعرەكانی چاپ نەكردوون كە زیاتر لەسەر ئەشق و خۆشەویستی و نیشتمان و سروشتە. ڕۆژی 16/5/2012 لە سەنتەری ڕۆشنبیری ڕواندز، ئێوارە كۆڕێكی شیعر خوێندنەوەی بە ناوی (شیعرە ونبووەكانی ڕواندز) پێشكەش كرد. تێیدا باس لە ئەزموونی شیعری خۆی كرد.

ئەگەر سەیری پەخشنامە هەفتەییەكەی هەولێر بكەین كە تاریق جامباز، 2019 ئامادەیكردووە. لەو 62 ژمارەیە، كە لەم دووایە دووبارە چاپكراونەتەوە. حەوت شیعری شاعیر بەرچاو دەكەون بەناوەكانی ( نامەوێ بمرم، جەژنی بەهار، ئەی شەو، جوانی ژنێك، دایە گیان، نامە و سڵاو، یاری ژێرخاك). بەدەر لە شیعری دایە گیان ئەوانی دیكە،لەسەر ئەشق و دڵداری و حەزی هەرزەكارانەی شاعیرە، واتە قۆناغی هەرزەكاری شاعیر و دەسپێكی شیعری ئەوە، لەو تەمەنەش، مرۆڤ دەكەوێتە نێو داوی ئەشق و خۆشەویستی ڕەگەزی بەرانبەر. ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لە نێو شیعرەكان. تەنانەت ناوی یاری (پەیمان) دوو جار و (یاسەمین) ناوێك، لەنێو دێڕی شیعرەكان دەبیندرێت.

شاعیر لە یەكەم شیعری ( نامەوێ بمرم) حەزدەكات بە دیداری یاری بگات و هێشتا خونچەیە و خەریكە بە ژیان پێدەكەنێت. خۆی دەڵێت: (نامەوێ بمرم تازە من لاوم)، ئەو خەون بە گەیشتن و ژوان یار دەبینێ، بەڵام دەبینێت هەموو یاران دڵشادن و ئەویش لە نێو خەم و خەفەت و بێوەفایی یار دا دەژیت. جارێكی تر لە شیعری (جەژنی بەهار) هەمان ئەو هیوایەی هەیە، بەڵام ئیدی نە خۆشی بەهار و نەگەیشتنی یار، چ هیوایێكی پێ نابەخشێت: (ئەی كوا گوڵی من بۆچی نایبینم؟/ منیش تا جارێك دڵی بستێنم !!!). لە شیعری (شەو) جوانیێكی تر لەم شیعرە دەبینی. پێنچ كۆپلەیە و لەسەر شێوەی پێنج خشتەكی، تێدا هەست و سۆزی خۆی دەربریوە:
شەوگار كورت بەوە، هێزم نەماوە
ئاو لە گلێنەی چاووم بـــــــــــراوە
وەك كەوان داری بەژنم چەماوە
بارخانەی دڵا ســــەرپاك ڕوخاوە
بۆچی كورت نابێ، شەوی دڵداران ؟!
ئەوەهەندە ڕەشبین و بێهیوا، هەست و سۆز و تەمەنی لاوی خۆی، سپاردووە، بە پیری و چەمانەوە و داڕووخانی دەڕوونی و نەمانی ئەشكی چاو و هێز و شیان. لە كۆپلەیەكی تر، تێیدا نزا لە خوای گەورە دەكات، خۆری هیوای لێهەڵێت و نەمامێكی تازە بچێنێت و ژیانێكی نوێ دروستبكات.( ئەمەوێ خۆری جوانی ببینم ! / نەمامی ژینی تازە بچینم)
ئەم شاعیرە، ئاشقە، ئاشقێكی ماندووە، ئازاردەكێشێت، خەم دەخوات، خەوی نییە، تەنیایە، ڕەشپۆش و داماوە، فەرهادانە تێدەكۆشێت، بە دوای شیرینە یار. ئەو دەیەوێت پەیمان وەربگرێت، بە ئەشقی بگات، ماڵێك بۆ ئەم ئەڤیندارییە ساز بكات. لە نێو دێڕەكان، پاڕانەوە و كڕووزانەوەی زۆری تێدایە، بەردەوام لە خەمی یاردایە و خەمی یاریش، ئازاری دەروونی پێدەبەخشێت و وەكوو گەنجێكی تازە پێگەیشتوو، تێنووە بە گەیشتنی كانیاوی ئەوین. بۆیە شیعرەكانی، بارانی خۆشەویستی و سۆز و پاكی و وەفا، بە سەر ئەو كێڵگە ئەوینە دەبارێنێت. ئەو لەو ئەشقە، كۆل نادات و ماندوو نابێت، ڕەنگە هەرئەمەش وایكردبێت ماندووی كربێتە نازناوی هەڵبەستەكانی و پێی بناسرێت. ئەم شیعرانە، وشەی جوان و ناسكن، بە كوردییەكی پاك و ڕەوان پێشكێش كراون. بۆ تەمەنێكی ئەو كاتە كە شیعرەكەی تێدا بڵاوكراونەتەوە، كارێكی باش بووە.ڕەنگە لە شیعری دایە گیان، لە ڕووی نووسینەوە لە ئەوانی دیكە كەمێك جیاوازتر بێت. ئەم هەوڵدانە و بەردەوامبوونە، ئەوە دەردەخات، شاعیر ویستوویەتی جیاوازتر دەربكەوێت، و خەیاڵی بەرفرەتر بكات و وێنەی شیعری دروست بكات:
بە بەرگی رەشم زۆر بە داماوی
وا لەسەر گوررت وەستاوم یارە
بۆ لەژێر خاكا تۆ پەشێو ماوی
كەچی ناحەزت لە من…دیارە !
یان: سەیر كوی ی ئەكەی ئەلی ی هەتاوە
نەختێ بۆنی كەی سەرتاپ گوڵاوە

شاعیر تا نهۆش، شیعر دەهۆنێتەوە. بەڵام لە ڕووی ڕووخسار و ناوەڕۆكەوە، هەنگاوی باشی نەناوە. ئەگەر بەرواردی بكەین بەو زەمەنەی كە شاعیر، شیعر دەنووسێت. شیعرەكانی وەكوو جاران پڕن لە خۆشەویستی و پەیڤی ڕۆمانسی و ئەوینی یار و شەهوەت و جوانی و پاكی و خەمی نیشتمان. ئەو تا لە نیشتمان دەبێت، خەمی یار و ئەوین دەخوات، كە وڵاتیش جێدێلێت و سەری ڕەشی لە تاراوگە سپی دەكات، ئەمجارە خەمی نیشتمان، دەبێتە كیژوڵەیەكی ئاشق و دەێتەوە باوەشی شاعیر. شاعیرێك ماندوو بە ئەشق و نیشتمان.

(نامەوێ بمرم)

كوانێ بەڵێنی بەرزی ژیانت
بۆچی نابینم خەندەی جارانت؟
گیانەكەم قژخاو، تۆ بۆ گۆڕاوی
بۆ لەسەر بەڵێن توخوا نەماوی؟
گەر یارم نەبی چیم لە ژیانە
بۆچی بمكوژێ مەی و مەیخانە
نامەوێ بمرم تازە من لاوم
دووبارە گیانە دڵ پەشۆكاوم
تۆ چرای شەوی تاریكی زەنگی
تۆ بۆ دڵەكەم هەردەمێ دەنگی
گوناهم نیە گەر لێم ئەپرسی
تۆ لە دڵداری بۆچی ئەترسی؟
یاران ببینە چەند بەختیارن
وەكو گوڵ گەشن بەبێ ئازارن
ئەتۆش لەگەڵ من هەردەم زویری
كەسەیرت ئەكەم بەخەم داگیری !
وا بۆمن دەركەوت كەیاری من نی
گەر یارم نەبی توخوا ئەتو چی !!؟
*********

(جەژنی بەهار)

یاران مژدە بێ مژدەی بەرزی دڵ
ئەمرۆكە من دیم پێ ئەكەنی دڵ !
زانیم بەهارە دل دەنگی كەم بو !
زەردی لێوەكەم بەخەندەی گوڵ چو
زەوی وەكو بوك خۆی رازاندبووە
شەبەقی ئەدا دورشمی بەهار
سڵاوت لێ بێ ئەی بەهار سەدجار
لێم گەڕێ‌ نەختێ بۆنی گوڵت كەم
گیانە ئەمجارەش سەیری چڵت كەم
بینم یاران دڵ خۆش و شادن
بەموژدەی بەرزت گشتی ئازادن
داخەكەی زستان نەما لە دڵیان
گشت پێكەنین پەكەی گولیان
ئەی كوا گوڵی من بۆچی نایبینم ؟
منیش تا جارێك دڵی بستێنم !!!

*****

(ئەی شەو..! )

شەوگار كورت بەوە، هێزم نەماوە
ئاو لە گلێنەی چاووم براوە
وەك كەوان داری بەژنم چەماوە
بارخانەی دڵا سەرپاك ڕوخاوە
بۆچی كورت نابێ، شەوی دڵداران ؟!
*
ئەزانی چەندە، داخت لە دڵم ،
گوێ بگرە ئاهو ناڵەم بۆ گوڵم ،
شەو پاسەوانی خنچەی سەر چڵم ،
رۆژ تا ئێوارە لە ژین لاملم ،
دەستم دامێنت لانەی بیماران !
*
كەوتومە دەرگات ئەزیەتم ئەدەی
خۆشی و گۆشادیم ناهێلی ئەی بەی
پایەی ژیانم تێك ئەدەی ئەی خەی
جاری لە پەنات ، من نەم گۆت ئۆخەی !
پەنام بۆ تۆیە ، كۆستی هەژاران !
*
ئەی خوای گۆشادی ، داد بۆ تۆ دینم ،
پەردەی شەوگاری تاریك ئەدرینم ،
ئەمەوێ خۆری جوانی ببینم !
نەمامی ژینی تازە بچینم !
بەخوێنی چاوی لات و غەمباران !!
*
ئەگەرچی دوور بم لە خەندەی یارم ،
بێ چاو داهێنان ، هەڵ دەگرم بارم ،
ئەژیم لە یاد و كردەوەی پارم
ئەمەیە رێگای دڵسۆز ، بیمارم
بەكوێری چاوی، ناحەز، بەدكاران !

*******

(جوانی ژنێك)

بەراستی هۆشم لە لا نەماوە
بۆ ئەم جوانەی باڵا لاولاوە
ناتوانێ پێ نووس بی نووسیتەوە
زوبان لال ئەبی بی گیریتەوە !
سەیر كوی ی ئەكەی ئەلی ی هەتاوە
نەختێ بۆنی كەی سەرتاپ گوڵاوە
ووشەو ووتەكەی ئەلی ی شەكراوە
لیوو ئەبرۆكەی نەخش كراوە
چاوەكەی مانگە خەرمانەی داوە
برژانگی رەشی دەورەیان داوە
هیچ كەش نەیبینی تیری ئەم چاوە
جاری بیبینی هەردەم كوژراوە
*********
ویستم پێ ی بلێم خودای دڵداران
بلیسەی ئیشی دڵەی بیماران
وێنە بەرزەكەی گشت كاتی ژیان
ئەی ئەم شەماڵەی لە بەری بەیان
فریشتەی جوانی تاریكە شەوان
جوانترین نیگار تۆی لە ئاوواتان
پەری بەهەشتی ئەفری لە ئاسمان
ئەبەی و ئەرۆی ئەدزی دڵمان
چۆن بێ دڵ بژیم گیانەكەم پەیمان
وازبینە لە دڵ دڵی بێ زوبان …

(دایەگیان )

چەند بەداخەوە سەیرم ئەكردی
كاتی ئەتوم دی بەم نەخۆشیە
بۆ یەزدان دایە نامەم ئەبردی
كەچی نامەكەم دوور لە خۆشیە !
**
ڕۆلەكەت هەست و دڵی بەخوینە
دایە ، دایەگیان….
نامەكەت بەڕاست دایە زێرینە
مەلبەندی ژیان….
**
چی بە تۆ ئەكا چەن پزیشكو دەرمان
چەكاتی سودی بۆتۆیە دایە!
وا كۆبونەوە هەر وەكو خەرمان
ژەهراوی گشتی لەبیرم مایە
**
رۆلەكەت هەست وبیری بەتینە
دایە ، دایەگیان….
شەبەقی نامەت بەراست زێرینە
مەلبەندی ژیان…
**
ئێستاش ئەتبینم هەناسە تەنگی
بێ هێزو داماوو….؟
بۆخۆشی دایە لەبەرچی جەنگی ؟!!!
دایكی بەند كراو…
**
رۆلەكەت هەست و یادی بەخوینە
دایە ، دایەگیان….
نامەكەت بەراست دایە زێرینە
بنچینەی ژیان…
**
لێم گەرێی نەختێ من بدووینم
تۆ دڵ بەدەردەوە دایە نەخۆشی
سرودێك لە سەر گیانت بخوینم
بۆ چاك بونەوە چەندی پەرۆشی
**
رۆلەكەت لەسەر بەمینی ژینە (رەنگە ئەو بەمینی، زەمینی بێت ، رەنگە هەڵەی چاپ بێ!)
دایە ، دایەگیان….
شەبەقی نامەت بەراستی زێرینە
رون كەروەی ژیان….

*******

(نامە و سڵاو )

سڵاو لە كانگای دەرونی بەكۆڵ
سڵاو لە شاخا لە تەلان و چۆڵ
لە فرمێسكی چاو لە داخو نالین
لە هەست و بیرم تاكو لە ئاین !
لە خۆر و شەماڵ گیانە لە نزار
لە گوری دڵم لە سەرپەلكی دار
لەدەنگی بلوێر لە ئاوازی كەمان
لەسەر خوناوا لە گوری خەمان
بەمانە هەمووی بۆت دێ سلاوم
دەمێكە (پەیمان) بۆ تۆ داماوم !
هەردەم ئەنالم كەی من پێت ئەگەم ؟
یارە پێم بلێ پرسیارێ ئەكەم ؟!
توخوا وەك جاران لەسەر بەلێنی ؟
كاتێ بەتوم وت : بەلێن شكێنی !
ووتت : یارەكەم تاكو من ماووم
ئەبێ نیگاربی وێنەت لە چاووم
بەختیار ئەبین ئەی(ماندو) لە ژین
ئێمە نابینین لە ژیانا قین !!!!
كەچی ئێستاكەش دڵ پەست و مەلول
بۆ تۆ كەوتومە نێو زیندانی قوڵا
كزرریش هات و رەنگ زەرد و خەمبار
هەناسە سوار و مایەوە بیمار
هەموو تاو جارێ خەندەت ببینم
بەلكو پێم نەكرێ دلت بسێنم
رزگاریم ئەبی لەم ژینە سەختە
سەیرە دڵەكەم گەلێ بێ بەختە
لە پۆلی كچان روی بۆ لای تۆ كرد
ئەتۆش بەجارێ هێزی دڵمت برد
تاكو وەت لێ كرد بتەكینی خوین
خەمت بۆ ئەنارد شەوان چین بەچین
لات وابێ دڵی یارت ناسینە
وا ئازارت دام قژ زەرد لە ژینە
ئێستاش بەنامە كۆتایی دینم
بۆ تۆم نوسیوە گیانە بەخوینم

********

(یاری ژێرخاك)

فریشتەم شەووم ، ئەی خوای جوانیم !
ئاوێنەی ڕاستی، تاكە یارەكەم
پەردەی دڵ دروین، هەستی بەیانم
شاڵاوی خۆشی، گوڵی پارەكەم
***
ئەڵێن كۆچت كرد، گیانە (یاسەمین)
چرای هیواكەت زوو كوژایەوە
بەراست نەماوی ئەی هێوینی خوین؟!!
برینم دیسان بۆت برژایەوە
***
ئەی كوا چاوەكەی نەخشاویت بەتیر.
بۆچی نابینم لەلات … نەماوە؟
قژە خاوەكەی، پێی ئەشێوا بیر
بۆ كەل كەل نیە وا تێ كەڵاوە ؟!!
***
كوا وەكو جاران ووشەی نیانت
تۆ لە یادت چو هەلپەرركێ ی زێرین ؟!
بۆ زوو درراندت نامەی ژیانت ؟
یاری كۆچ كردوم ، ئەی دوژمنی ژین!
***
بەبەرگی رەشم زۆر بە داماوی
وا لەسەر گۆڕت وەستاوم یارە
بۆ لەژێر خاكا تۆ پەشێو ماوی
كەچی ناحەزت لە من…دیارە !
***
هەلسەوە توخوا وا دەستم هینا
هەر وەكو جاران بە بەختیاری !
بەڵام دەستەكەم سەرتاب بە خوینا
خو نییە كە تۆ بۆچ لە كۆلم باری ؟
***
لێم گەری سەیری نەختێ گورری كەم
پرر دەم بۆی بلێم ئاوازی خەمگین !
سەیری بزەكەو رەنگی بۆری كەم !
جا لێم تاریك بێ نەبینم زەمین
***
بەڵكو لە ژێر خاك بەیەكتر ئەگەین
وەكو رابردو و بەبەزم و شادی
پێكران پەیامان بۆ یەزدان ئەبەین
خۆزیا وەها با چەند خۆش بۆ یادی!
***
بەڵام بێ سودە گرین و شینم
تۆ لە تاریكی زیندانی یەزدان
منیش كەساس و داماو لە ژینم
بویمە خۆراكی دوررندەو دەردان
***
یادت لە خوێنم ئەجولێتەوە
بە هەمو كاتا بەشەوی تاریم
ناوی ئازیزت ئەهونێتەوە
لە رۆژی رەشم ، لە رۆژی ناچاریم !!!(*)

تێبینی : شیعرەكان بەڕێنووسی ئەوكات نووسراون