سەدیق سەعید ڕواندزی
زمانی كوردی یەكێكە لەو ماكە نەتەوەییانەی بە درێژایی مێژووی كورد هەرلە سەردەمی گۆتییەكانەوە تاكو ئێستا، شوناسێك بووە بۆ ناسینەوەی نەتەوەی كورد، جیا لە هەموو شوناسە سیاسیی و فەرهەنگییەكانی تر. بەو مانایەی ئەگەر كورد لە مێژوودا ڕووبەڕووی چەندین ستەمی سیاسی و داگیركاری و جینۆسایدكردن تا ڕادەی لە نێوچوون بووبێتەوە، ئەوا زمانی كوردی دواجار ئەو هێمایە بووە بۆ مانەوەی نەتەوەیەك. بۆیە گرنگیدان بە زمان و پێشخستنی، واتە هێشتنەوەی نەتەوەیەك بە زیندووێتی. ڕەنگە نەتەوەیەك بە سڕینەوە و كاڵبوونەوەی بنەما كەلتوورییەكانی دیكە، مەترسی لە نێوچوونی بۆ دروست نەبێت. وەلێ بە نەمانی زمان، بوونی دەكەوێتە بەردەم مەترسییەوە كە ئەمەش ئامانجی یەكەم و كۆتایی دوژمنانی كوردە. سیما كەلتووری و هونەرییەكان، زۆرجار تا ئەو ئاستە فەرهەنگی نەتەوەیەك دەگرنەوە، كە پانتایەك بۆ فەرهەنگی نەتەوەییانە نەمێنێتەوە. بۆ نموونە: وەك زاڵبوونی هونەری گۆرانی عەرەبی و توركی و فارسی بە سەرهونەری گۆرانی كوردی. یان گرنگی نەدان بە جل و بەرگ و پۆشاكی نەتەوەییانە تەنها لە بۆنەكاندا نەبێت، ئەمانە و زۆر نموونەی تر.
ڕەنگە ئەمانە دواجار نابنە فاكتەری لە نێوچوونی نەتەوەیەك لە دووتوێی لاپەڕەكانی مێژوودا، بەڵام كە زمان نەما، بوونی نەتەوە دەكەوێتە مەترسییەوە. بۆیە گرنگیدان بە زمان، بە مانای هێشتنەوەی نەتەوە و بە پێچەوانەوەش چەند زمانی نەتەوەیەكیش بەرەو كاڵبوونەوە و سڕینەوە بچێت، ئەوەندەش شوناسی ئەو نەتەوەیە دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی توانەوە و نەمان. زمانی كوردی، وەك زمانی دایك و ڕەسەنی ئێمە، لە زمانە ورد و ئاڵۆەكانە. لە جۆری ئەو زمانانەیە، كە زۆر بە دەگمەن، كێشەی هاوواتایی و فەرهەنگی و مانایی تێدایە و لە زۆربەی زمانە زیندووەكانی دیكەی دنیا، لە ڕووی فەرهەنگییەوە دەوڵەمەندترە. زمانی كوردی، لەو شێوە زمانە تایبەتییانەیە، كە ناتوانرێت فۆڕمێكی جێگیریی واتاییانەی پێ بدەیت، بەڵكو دەشێ یەك دەستەواژە و دەربڕینی زمانەوانی، ئاماژە بێت بۆ زۆرتر لە مانا و گەیاندنێك، ئەو دیوە ماناییەی زمان، زۆرجار دەبێتە هۆكارێك كە كەسانێكی ناشارەزا لە زمان، بە دیدێكی چەواشاكارانە و سیاسییانەی خۆیان، لێكی بدەنەوە و زمان لەگەڵً مەرامە كەسی و تایبەتییەكانی خۆیان، تێكەڵ دەكەن و بە تەنها ئەو دیوە مانایە دەبینن، كە ئەوان مەبەستییانە و ڕووەكەی دیكەی ئەو زمانە، كە ڕەنگە چەندین ئاماژە و واتای هەبێت، نەبینن، یانیش مەبەستییان نەبێت بیبینن.
بە داخەوە ئێمە واتێگەیشتووین، ئەگەر كەسێك نووسەر، یان ڕۆژنامەنووس بوو، پەرلەمانتار، یان بەناو چاودێری سیاسی بوو، ئیدی زمانزانیشە، كە ئەمە هەڵەیە، چونكە مەرج نییە ئەوەی نووسەر بوو، زمانزانیش بێت، بۆیە گەلێك جار لە پەراوێزی ئەو شێوە تێگەیشتنە هەڵەیەوە، كەسانێكی زۆر تووشی هەڵەی زمان دەبن، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكەن، لەبەر ئەوەی ئەوان، تەنها دیوێكی زمان دەبینن و دیوەكەی تر فەرامۆش دەكەن. دیوێك كە مەغزا و ناوەڕۆكی زمانەوانی و فەرهەنگی خۆی هەیە. ئەو وردەكارییە، زۆر جار دەبێتە گرفتێك لە بەراوردكردنی زمانی كوردی لەگەڵ زمانەكانی تر، یاخود لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی چونكە مەرج نییە هەموو وشەیەك لە چوارچێوەی زمانەوانی و مانایی خۆیدا، بە تەنها وەك كۆنسپێتێك مانا بگەیەنێت. وشە هەیە هەتا لە نێو ڕستەیەكدا ئاماژەی پێ نەدەیت، ناتوانیت وەك لایەنی مۆرۆفۆلۆژی، لێكدانەوەی بۆ بكەیت و مانای بدەیتە پاڵ. بۆ نموونە:
* وشەی (قۆڕ) بە مانای ناشرین دێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هێمایە بۆ چاڵ و قووڵایی.
* وشەی (پەڕ) دەكرێ وەك پەڕە كاغەز بخوێنرێتەوە، هاوكات بە مانای پەڕی باڵندەش دێت.
* وشەی ( سەرمایە) هەم مانایەكی ئابووری دەگەیەنێت، هەمیش مانایەكی سرووشتی.
* وشەی (گەروو) بە مانای هەوك دێت، لە هەمان كاتیشدا بە مانای باسك، واتا گەرووێكی درێژ دێت. (لە گەرووم ئاوابوو) واتا شتێك لە قووڕگی چۆتە خوار. (لە گەرووەكە ئاوابووم) بە مانای لە شوێنێكی زەوی كە باسك یان گەروو بووە، ئاوابووە و پەڕیوەتەوە بۆ شوێنێكی دیكە.
* خڕ، واتا بازنەیی (زەوی خڕە)، خڕ زۆر جار بە مانای هەمووانیش دێت (خڕ ئەو پەتایەیان گرتبوو).
ئەگەر زمانی كوردی لە ئاستی دەربڕین و نووسینیشدا، ستاندار و یەك زمان نەبێت، بەڵام چەندین ڕێسای زمانەوانی و ڕێنووسی هەیە و ڕەنگە لەكاتی نەنووسینی پیتێك، یان دەنگێك، تەواوی مانای وشەكە لەئاستی دەربڕین و گەیاندندا گۆڕانی بە سەردابێت. لەهەندێ كاتدا، نەنووسینی تەنها وشەیەك سەرلە بەری مانای ڕستەكە دەگۆڕێت. بۆ نموونە: (بە ڕەوانی قسەی نەكرد) لەم ڕستەیەدا، ڕەوانی بە مانای (ڕوون و ڕەوان) دێت، واتا قسەكردنێك بێ گڕێ وگۆڵ وپێچ و پەنا كە دەشێ هەمووان لە ماناكەی بگەن، بەڵام لەم ڕستەیەدا (بە ڕەوانی نەكرد) وشەی (بەڕەوانی) مانایەكی تەواو جیاوازی هەیە لە ڕستەی پێشووتر. لێرەدا بە (ڕەوانی) بە مانای (ناوبژیوان) ی دێت. واتا كەسێك بكەوێتە نێوانی دوو كەس لە كاتی دەمەقاڵێ و شەڕدا. وشەی (لاربوونەوە) لە زمانی كوردیدا بە مانای بەلاداهاتن دێت، بەڵام كاتێ منداڵێك دەگریێت و شین مۆر دەبێتەوە، یاخو زەبرێكی بەر دەكەوێت، دەگوترێت (منداڵەكە لاربووەوە). لاربوونەوە لێرەدا تەواو پێچەوانەیە لە وشەی پێشووتر. گەلیك وردەكاری دیكەش هەن. لێرەدا، دەمەوێ نموونەیەك لەو ناشارەزایی و تێنگەیشتنە، هاوكات بە سیاسیكردنەی زمان، بە ئاراستەی تێكەڵكردنی بە دیدی ئایدۆلۆژیانە و چەواشاكارانەی حزبییانە بێنمەوە. ماوەیەك لەمەوبەر، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكومەت، دەستەواژەی (پەیوەندی) لە ڕوونكردنەوەیەكیدا، لە پەراوێزی نووسینی ژنە بە ناو ڕۆژنامەنووسێك بە كارهێنابوو. ئەو لەشكرە بەناو ڕۆشنبیرانەی گوایا لە زمان دەزانن، كەوتنە لێكدانەوەی هەڵە و مەبەستدار بۆ ئەم دەستەواژەیە و بارگاویكردنی بە مەرام و دیدی سیاسیانەی خۆیان، كە گوایا مەبەست لەپەیوەندی، ئاكاری كەسی و ئەخڵاقی و ژیانی تایبەتییە.
لەڕاستیدا ئەو دەستەواژەیە، بەهیچ شێوەیەك بەو نیازە و مەبەستە بەكارنەهاتووە، پەیوەندی، دەشێ مەبەست پەیوەندی سیخوڕی بێت، كە تیایدا كەسێك سیخوڕی بەسەر كەسایەتییە سیاسییەكانەوە دەكات، بۆ مەرام و قازانجی كەسی و تایبەتی خۆی. دەشێ پەیوەندی مەبەست بازرگانی و ئابووری بێت، كە دیسانەوە كەسێك لە پێناو پارەدا، هەوڵی ناشرینكردنی نەیارێكی خۆی، بەقازانجی دوژمنانی دەدات، مەبەست لە پەیوەندی، دیسانەوە دەشێ كاركردنی ژێر بەژێر و نهێنی بێت، بۆ لایەنێك لەدژی ئەو كەس و لایەنانەی كە ئەو بە تێگەیشتنی خۆی، بە نەیاریان دەزانێت. دوایین مانا كە بشێ بیدەینە پاڵ چەمكی (پەیوەندی) ئەو پەیوەندییە كەسی و ئاكاریی و ئەخلاقیەیە. كە بەشێكە لە ژیانی تایبەتی مرۆڤەكان. واتا پەیوەندی ئەو مانایەی نییە، وەك ئەوەی كەسانێكی بەناو نووسەر و چاودێری سیاسی لێكدانەوەیان بۆكرد، بەڵام زۆربەی پیاوی كورد، چونكە بیریان هەر لای سێكسە و لە چەپاندنی سێكسی دەژین، ئیدی خەیاڵیان هەر لای ئەو دەستەواژانەیە، كە بەجۆرێك لە جۆرەكان، لە مەودایەكی دوور دەچنەوە سەر ئەوباسە. ئەگەر نا، دەبوو ئەوانە پرسیار لەخۆیان بكەن، تۆ بڵێی لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكومەت، كەسانێكی وا بەتوانا نەبن، نەزانن پەیوەندی چییە و چۆن بەكار دێت؟ بێگومان هەنە و زۆربەشیان لە بەناو ڕووناكبیرەكانی ئێمە لە زمان و دەربڕین بە ئاگاتر و شارەزاترن. ئەم بێ ئاگایە لە زمان، دەرەنجامی درك نەكردنە بە دیوێكی دیكەی زمان، كە دیوێكی واتاییانەی ترە و دەشێ میتافۆر بێت بۆ بابەتێكی دیكە، یان ناڕاستەوخۆ گوزارشتێكی تر بگەیەنێت، كە هیچ پەیوەندی بە لێكدانەوەیەكی دیاریكراو نەبێت.









