زێنەب یووسفی
چ هەوڵ دەدەم هیچکام لەو وێردانەم بیر ناکەونەوە. هەڵەبووم سیحرم لەو کابرا گۆرانیبێژە کرد. تۆزێ پێکەنین و ئیما وئیشارە شایانی سزا نەبوو ئاخر، نەدەبوو وای لێبکەم و کەچی ئێستاش هیچکام لەو وێرد و دۆعاگەلە وەبیرم ناکەونەوە و کە سەیری دەکەم چۆناوچۆن لەو جەغزەدا دەسووڕێتەوە و ڕزگاریی بۆ نییە، دڵم دێتە سۆ.
چەند رۆژێک ئەبوو کە ئەو کابرایە هاتوچۆی کۆڵانە بن بەستەکەی ئێمەی دەکرد و بەرانبەر بە دەلاقەکەی ماڵی ئێمە ڕادەوەستا و هەرکە من دەچوومە بەر پەنجەرەکە لە کۆڵانەوە دەستی بۆم ڕادەوەشاند و پێدەکەنی و پاش یەک دوو ئیما و ئیشارە و نەرمە گۆرانییەک رێگای دەگرتە بەر و دەڕۆیشت. مەبەستم هەمان کابرایە کە دەیانگوت زۆرێک گۆرانیی لەبەرە و دەنگخۆشیشە. پاش دوو حەوتە لە هات و چووەکانی ویستم لەگەڵیدا یارییەک بکەم تەنیا بۆ پێکەنین، وەکوو گاڵتە پێکردن. ڕۆژێکان کە دەمزانی نزیکی هاتنییەتی ڕۆیشتمە کۆڵان و ڕێک لەو شوێنەوە کە ئەو هەموو ڕۆژێک دەهات و ڕادەوەستا چوار گۆشێکم کێشا، چوار گۆشێک لەگەڵ جۆرە چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە کە زۆرتر لە وێر و دۆعای دەکرد تاکوو چیرۆک. چوار گۆشەکەم بە تەباشیری سەوز کێشا و وێردێکی داستان ئاسام بەسەریدا خوێندەوە و خێرا گەڕامەوە ژوورەکەم و لەوێیەوە ببوومە سەیرکەری کابرا. شتێکی نەخایاند لە دوورەوە دەرکەوت، بەدەم گۆرانی گوتنەوە هات و ڕوو لە دەلاقەکەی ماڵی ئێمە ڕاوەستا و پێکەنینێکی کرد و دەستێکی بۆ من ڕاوەشاند و شتێکی گوت و ماچێکی بۆم تووڕدا. بێ ئەوە خۆی بزانێت هەنگاوی نا بۆ نێوان چوار گۆشەکە، رێک لە ناوەندی چوار گۆشەکەدا ڕاوەستا. یەک دوو دێڕی زمزمە کرد و دەستێکی بەرەو من جووڵاندەوە واتە بای بای و ویستی هەنگاو هەڵبگرێت و وەکوو هەمیشە بڕوات، بەس نەیتوانی، چ هەوڵی دەدا نەیدەتوانی هەنگاو بنێتە ئەو دیوی چوار گۆشەکەوە … نا نەیدەتوانی… ناکاو هەراسان هەڵگەڕا و دیار بوو کە زۆرێک ترساوە. دەتگوت لەگەڵ شوورایەکی نادیاردا هاتووەتە شەڕ، بەس هیچی پێ نەکرا و نەیتوانی خۆی دەرباز بکات. لەپڕ چاوی بەمن کەوت کە لە نێوان دەلاقەکەوە بۆ ئەوم دەڕوان و پێدەکەنیم، مات وبێدەنگ سەیرمی دەکرد و منیش ماچێکم بۆی تووڕدا و بای باییەکم بۆی کرد و دەلاقەکەم داخست.
لە دیل کردنی کابرای گۆرانیبێژ چەند کاتژمێرێک تێدەپەڕی کە بیرم کەوت ئەوڕۆ چوارشەممەیە و چوارشەممان نەوەرەی من بوو کە بڕۆمە ماڵی دایکم بۆ خاوێن کردنەوە و چێشت لێنان و خزمەت کردنی دایکە پیرەکەم و وەڕێ خستنی میوان و خزمەکانی کە چوارشەممان هەموویان لە ماڵی دایکمدا کۆ دەبوونەوە. لەگەڵ برا و خۆشکەکانم ڕۆژەکانی حەوتەمان دابەش کردبووە نێوان خۆماندا و هەموو ڕۆژێک یەکێکمان دەچووینە هانای دایکمەوە.
ئەمڕۆش چوار شەممە و هەر دەبێ بڕۆم بۆ ماڵی دایکم. لەکاتی ڕۆیشتندا سەردانێکی کابرام کردەوە و پێکەنیم وگوتم لێرە جوڵە ناکەیت تا دەگەڕێمەوە و ماچێکم بۆی تووڕدا و وەرچەرخام و ڕۆیشتم. کابرا دەنگی لێیەوە نەدەهات و بە تووڕەییەوە سەیری منی دەکرد. دەتگوت زمانی پێ نەماوە و یەکسەر لاڵ بووە.
ماڵی دایکم حەشر بوو حەشر. چ خزم و تایفەمان بوو خەریک بوون لەبەرێکەوە دەهاتنە هەواڵپرسینی دایکم. ناچاربووم یەک رۆژی ڕەبەق لەوێ بمێنمەوە بێ ئەوە کابرا و بازنە سەوزەکەم لەبیر مابێت. درەنگانی شەو کەوتمە خۆ کۆ کردن بۆ گەڕانەوە بەس دایکم نەیهێشت و گوتی هەر دەبێ ئەمشەو لێرە بمێنیتەوە. مامەوە و ڕۆژی دوایش هەمدیسان ناچار بووم بمێنمەوە چونکە براکەم تێلی کرد و گوتی ئێستا کە نەڕۆیشتوویتەوە بۆ ماڵی خۆت با ئەمڕۆش لای دایکمان بیت چونکە من ئەمڕۆ سەرقاڵی زانکۆم و ناتوانم بێمەوە بۆ لاتان. دانیشتم. ڕۆژی هەینی بێ ئەوە هەر کابرای دیلکراوی نێوان چوارچێوەم لەبیر مابێت پاش نیوەڕۆ خۆم کۆ کردەوەو گەڕامەوە بۆ ماڵی خۆم.
هەرکە گەیشتمە کۆڵانە بن بەستەکەمان چاوم بە کابرای نێوان بازنەکە کەوت و لە خۆمدا ڕاچەڵەکیم. کابرای بەستزمان لەو کەف و کۆڵە کەوتبوو، شانەکانی داچۆڕابوون و لە ناخی چوار گۆشەکەدا کزکۆڵەی کردبوو. ڕەنگ بێت و بە ڕوویدا نەما بوو. پەشیمانی دڵ و دەروونمی تەنی و خێرا ویستم شیعرە وێردئالوودەکە بخوێنمەوە تاکوو لەو چوار گۆشە سەوزە ڕزگاری بکەم، بەڵام چیم هەوڵدا وێردەکەم وەبیر نەکەوتەوە…..ناااااااااااااااااااااااااااا بڕوام نەدەکرد، وێردەکەم لەبیرم چوو بوو و نەمدەتوانی ئەو ڕزگار بکەم. واااای چ کارەساتێکی سامناک. دەنگی نووزە نووزی کابرا دەنگ خۆشەکەی پێشووم دەگاتە گوێدا. فەقیرە لەجیاتی گۆرانیەکی جوان هەنیسکە هەنیسکی گریانی دەهاتە گوێمدا. پەشیمان بوومەوە، لە ناخەوە، بۆ وام بەسەر ئەو پیاوە دەنگ خۆشە هێنا ئاخر، بەڵام چ سوود، ئەڵێی هەموو وێردێکی عالەم لەبیرم چوو بووەوە. بیرم نەدەکەوتەوە. هەر هیچ…قەت… هیچ وەبیرم نایەتەوە هەرگیز.
نازانم کابرای گۆرانیبێژ لە چوار گۆشە سەوزەکە یان سپییەکە بوو؟شین بوو؟ نانا لە بازنە ڕەنگامەکە؟…. خولاسە هەرچی…. گرینگ بازنەیەک بوو کە رێگای دەرچوونی لێ داخستبوو…. ئیدی هێشتاکە ئەو لەو بازنەدا دیلە و منیش چ هەوڵ دەدەم وێردەکەم بیر ناکەوێتەوە و ناتوانم لەو سیحرە دەربازی بکەم. بەداخەوە …. بەداخەوە کە ناتوانم ……









