ئەمشەوی چوارشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق سەركۆنەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر كەورگۆسكی كرد و رای گەیاند لەیاسادەرچووەكان هەوڵی ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە دەدەن.

لە راگەیەندراوێكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقدا هاتووە كە لە ساتێكدا هاووڵاتییان لە دۆخێكی ئاسایشی و ئیمانیدا دەژین لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا، گرووپە لەیاسا دەرچووەكان هەوڵی تێكدان و ئاڵۆزكردنی دۆخەكە دەدەن، بەم شێوەیە تیرۆریستان ئەمشەو قەزای خەباتیان لە سنووری پارێزگای هەولێر مووشەكباران كرد.

راگەیەندراوەكە دەشڵێ كە سێ مووشەك لە شوێنی چۆڵ و خاكی كشتوكاڵی لە نزیك كۆمەڵگەی كەورگۆسك كەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێكیان لێ نەكەوتووەتەوە، بەڵام دەركەوتووە كە مووشەكەكان لە ناوچەی حەمدانییەوە ئاراستە كراون.

دووپاتیشی كردووەتەوە كە دەزگا ئەمنییەكان دەستیان بەلێكۆڵینەوە كردووە و كار بۆ دەستگیركردنی تیرۆریستان دەكەن، تا بدرێنە دادگا.

هەر ئەمشەو دژه‌ تیرۆری كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌رچاوه‌ی ئاراسته‌كردنی سێ مووشه‌كەكەی بۆ كه‌ورگۆسك ئاشكرا كردبوو بەوەی سێ مووشەک لە دەوروبەی دووڕیانی حەمدانییە لە میحوەری خازرەوە ئاراستەی شاری هەولێر کراون.

هه‌روه‌ها ئاماژەی دابوو كە بە گوێرەی زانیارییەکان، مووشەکەکان لە نزیک کۆمەڵگەی کەورگۆسک و زێی گەورە لە نزیک پاڵاوگەی نەوت کەوتوونەتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی و مادیان لێ نەکەوتووەتەوە.