پەیامی پیرۆزبایيی نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی شەست و سێ ساڵەی بەئاشکرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات

به‌ڕێزان سه‌رنووسه‌ر و نووسەر و ڕۆژنامه‌نووسانی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات

لە شەست و سێهەمین ساڵیادی به‌ ئاشكرا ده‌رچوونی ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، پیرۆزبایيی گەرم و دەستخۆشیتان لێدەکەم کە بەردەوامیتان بە کاروانی مێژوویيی ئەم ڕۆژنامە سەنگینە داوە.

لەم بۆنەدا هەموو ئەو نووسەرە تێکۆشەر و ڕۆژنامەنووسە خەباتکارانە بە یاد ده‌هێنینەوە کە ڕۆژانی سەختی تێکۆشان لە ڕێی ئەم مینبەرەوە، خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و وشەی پیرۆزی کوردییان کرد، بەشێکیشیان لەو پێناوەدا گیانیان بەخت کرد.

خەبات لە مێژووی پڕ شکۆی خۆیدا، تەنها زمانحاڵی حزبێکی سیاسی نەبووە، بەڵکوو هەمیشە بڵندگۆیەک بووە بۆ داکۆکيكردن لە گەل و نیشتمان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی میللی و گەیاندنی دەنگ و داوای گەلی کوردستانی ئاشتیخواز بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، قوتابخانەیەکیش بووە بۆ ڕەنگڕێژکردنی بنەما سەنگینەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردستانی و پێگەیاندنی ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت سیاسەتوانانی بە ئاگا و تێکۆشەر.

هیوادارم ئەم یادە هاندەرتان بێت بۆ پابەندبوونى زياتر بە بنەماکانی ئاکاری بەرزی ڕۆژنامەوانی و پەیامی دێرین و نەگۆڕی ئەم ڕۆژنامەیە کە هەمیشە پەیامی مرۆڤدۆستی، ڕاستبێژی، ئاشتی، يه‌كڕيزى و تەباییخوازی بووە لەپێناو پاراستنى ده‌سكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و گەیشتن بە ئامانجەکان.

بە هیوای بەردەوامی و پێشکەوتن.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ی نیسانی ۲٠۲۲