ئەمڕۆ، شەممە 2/4/2022 تەرمی یەکێک لەو سێ گەنجە دۆزرایەوە کە ئێوارەی یەکەم ڕۆژی نەورۆز، 21/3/2022 کەوتنە نێو ئاوی چەمی خەمەڵۆکەی شارۆچکەی ماوەت لە پارێزگای سلێمانی و بەو هۆیەوە خنکان.

لەم بارەیەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: ”بەڕێزان قائیمقامیەتی ماوەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکە و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی و تیمی فڕۆکەوانی و خۆبەخشان و کەسوکاری قوربانییەکان ڕاسپێردراون و هەماهەنگی یەکترن بۆ دەرهێنانەوەی تەرمی ئەم ئازیزانە”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش داوە کە ”بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە پرسە و ماتەمینی و پەژارەی خۆمان ڕادەگەیەنین و سوپاسی هەموو ئەو یەکە کارگێڕیی و دامەزراوە دەوڵەتی و خۆبەخش و دڵسۆز و کەس و لایەن و کەسوکارە بەڕێزانە دەکەین کە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە خەمی دۆزینەوەی ئەم خۆشەویستانەدا بوون”.