سەلام عەبدوڵڵا

ئەمە یەکەمین جار نییە، هێرش بکرێتە سەر بارەگای لقی 5ی پارتیمان لە بەغدا، کە کەسانی گێرەشێوێن و ئاژاوەچی، بە پاساوی دوور لە ڕاستی، هێرش بکەنە سەر ئەو بارەگایە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک بەتەمەنترین حزبی کوردی، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، هەمیشە بڕوای بە پاراستنی پیرۆزییەکانی گەلەکەمان و هەموو گەلانی جیهان هەبووە و هەردەم بە ڕێزەوە سەیری کەسایەتییە ئایینییەکان و سەرکردە دیارەکانی گەلانی کردووە و جێی ڕێز و حورمەت بوون ، هەرگیز لە مێژوویدا پەنای بۆ لەکەدارکردنی ئەو هێما و سیمبولانە نەبردووە و جێی تەقدیری بوون.

بۆیە ئەوەی دوێنێ بەرامبەر لقی 5ی پارتیمان کرا هیچ پاساوێکی نەبوو، چونکە حزبمان بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بەو مەسەلەیە نەبووە کە گوایە کەسێک تەوهین بە هێما ئایینییەکانی پێکهاتەیەکی سەرەکی لە عێراقدا کردووە و گوایە پارتیمانی لە پشتەوە بووبێت، یان ئەو کەسە ئەندامێکی حزب بووبێ و ئەوەش لە راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی بە ڕوونی خراوەتەڕوو، هەروەک جەنابی سەرۆک بارزانی ئیدانەی ئەو کردەوەیەی کردووە.

ئەگەرچی ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی و گەلی کورد، گەلێک هێرشی ناڕەوا و بێ جێی دەکرێتە سەر کەسایەتییە مێژووییەکان و خەباتکار و تێکۆشەرانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی زۆر نزم و دوور لە هەموو عورف و عادەت و ڕەوشتەوە، بەڵام هەرگیز هێرشی نەکردۆتە سەر بارەگایەک یان دام و دەزگایەکی دەوڵەت و پەنای نەبردۆتە بەر تەوهین و ناوزڕاندنی هیچ هێمایەک.

بۆیە ئەم هێرشە هەمەجییانەی دەکرێتە سەر بارەگا و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکانی گەلەکەمان بە توندی ئیدانەی دەکەین و داوا لە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکەین کە تاوانباران بداتە دادگا و رێگری لەو ئاژاوەگێڕییانە بکرێت.

پارتیمان کە سوورە لە سەر کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ، لەو سۆنگەیەوەیە، کە سەرۆک کۆمار کە پارێزەری دەستوورە، رێگری لەو کارە ناڕەوا و بی جێیانە بکات کە دژی یاسا و دەستوورن.

ئەوە یەکێکە لە ئەرکەکانی سەرۆک کۆمار کە دەبێ بەڕاستی و بێ ترس پارێزگاری لە دەستوور و جیبەجێکردنیی بکات، نەک بێدەنگی هەڵبژێرێت.