سەردار حوسێن

دوای سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسی و جەماوەرییەكانی كوردستان و عیراقیش، سەركۆنەی ئەو كردەوە تێكدەرانەیان كردو بە كارێكی قێزەون و دوور لە پرەنسیپی شەراكەت و فرەیی سیاسی هەژارماریان كرد. كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە رێگەی گوتەبێێژەكەیەوە، جیاوازتر لەوانەی ئیدانەی ئەو كردەوەیان كردووە، هاتۆتەدەنگ و بەبێ ئەوەی ئاگای لە پاشخانی رووداوەكان بێت، لەبری سەركۆنەكردن، هێرش دەكاتەسەر پارتی و تۆمەتی بۆ درووست دەكات، هاوكات گوتەبێژەكەی كۆمەڵی دادگەری ئەوەیشی لەبیرخۆی بردۆتەوە كە زۆرترین بارەگا سووتابێت، بارەگاكانی پارتی بوونە و بەهانەكانیش هەمیشە چرووك و لاوازبوونە، بەڵام گوتەبێژەكەی كۆمەڵی ئیسلامی، پارتی بە داهێنەری نەریتی بارەگا سووتاندن دادەنێت و تۆمەتێك دەخاتە پاڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە پیشەی هەمیشەیی هاوبیرەكانی خۆیەتی.

ئێمە ناچارین بە بەڕێز محەمەد حەكیمی گوتەبێژی كۆمەڵی دادگەری بڵێین و بیری بخەینەوە، كە ئەوەی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو غەدری لێكردوون، پارتی نەبوو، بەڵكو پارتی بەرگری لێكردن و لەسەرتان هاتەدەنگ، ئەگەرچی ئەوكات و ئێستایش نەتانوێراوە باسی بكەن، لەوەش دەچێت حەواڵەی خواتان كردبێت، بەڵام پارتی ئەوكاتیش پێیوابووە نەدەبوو ئەو غەدرەتان لێبكرێت و هیچ كاتێكیش پارتی نەبۆتە ستەمكار و هەمیشە دژی ستەم و زۆرداری و كاری تێكدەرانە بووە، باشترین بەڵگەیش بۆ ئەو راستییە سووتانی بارەگاكانی پارتی و لێدان و تۆقاندنی كادیر و ئەندامانی پارتی بووە، چ لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و نزیك لە بنكە و بارەگاكانی ئێوە، چ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، وەلێ هەرگیز كاك محەمەد حەكیم بۆ ئەو پەلاماردانانەی سەر پارتی نقەیان لێوە نەهات و چاوەڕێی ئەوەیشیان لێناكرێت دەنگیان لێوە بێت.

بەڕێز محەمەد حەكیم هێندە ناحەكیمانە ئەو هەڵوێستەی خۆی و حزبەكەی دەربڕیووە، لە دوایین پەرەگرافی لێدوانەكەییدا، خۆی باس لە هەڵوێستی پارتی دەكات لەكاتی سووتاندنی بارەگاكانی، كە ئەوەیان دەرخەری ئەو راستییەیە، هەمیشە ئەوەی زۆرترین بارەگای سووتاوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بووەو هەمیشەیش ئەوانەی چاوپۆشییان لەو رەفتارە قێزەونانە كردووە و هەندێجاریش هاندەربوونە، كاك محەمەد حەكیم و هاوبیرەكانی بوون، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا بە ئێستایش دەگات، داكۆكیكاری سەرسەختی دیموكراسییەت و پێكەوەژیان و سەقامگیری بووە و هەروایش بەردەوام دەبێت، ئەگەرچی لەو پێناوەیشدا باجێكی زۆری داوە.