گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامی پیرۆزبایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیان لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییە ماندوونەناسەکان كرد.

جوتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: ساڵێکى قورسمان تێپەڕاند و نەهامەتى و بەڵا و مەترسیى زۆر ڕووبەڕووى کوردستانى ئازیزمان بوویەوە، هەروەک چۆن نەورۆز بە ماناى نوێبوونەوە و شکانى سەرما و کۆتاییهاتنى ناخۆشییەکان و دەستپێکى خۆشى و هاتنى بەهارە، هیوامان وایە هەرێمى کوردستان بە هەوڵ و ماندووبوون و خۆڕاگرى گەلەکەمان بتوانین قەیرانەکان تێپەرێنین.

ڕاشیگه‌یاند: خاکە بەپیتەکەى نیشتیمانەکەمان شایەنى ڕێزگرتنە، بۆیە دەبێت لەگەڵ بەسەربردنى پشوو و سەیران و گەشتەکان، پاکوخاوێنى ژینگە و ڕێنماییەکانى هاتوچۆ بە هەند وەربگرین.

ده‌قی پەیامه‌ پیرۆزباییه‌كه‌ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە:-

بە بۆنەی هاتنى جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیانى ئازیز لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییە ماندوونەناسەکان دەکەین، هیوادارین ساڵى نوێ ساڵى بەدیهاتنى هیوا و ئاواتەکان بێت.

ساڵێکى قورسمان تێپەڕاند و نەهامەتى و بەڵا و مەترسیى زۆر ڕووبەڕووى کوردستانى ئازیزمان بوویەوە، هەروەک چۆن نەورۆز بە ماناى نوێبوونەوە و شکانى سەرما و کۆتاییهاتنى ناخۆشییەکان و دەستپێکى خۆشى و هاتنى بەهارە، هیوامان وایە هەرێمى کوردستان بە هەوڵ و ماندووبوون و خۆڕاگرى گەلەکەمان بتوانین قەیرانەکان تێپەرێنین.

خاکە بەپیتەکەى نیشتیمانەکەمان شایەنى ڕێزگرتنە، بۆیە دەبێت لەگەڵ بەسەربردنى پشوو و سەیران و گەشتەکان، پاکوخاوێنى ژینگە و ڕێنماییەکانى هاتوچۆ بە هەند وەربگرین.

د. جوتیار عادل

وتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان