ئێوارەی ئەمڕۆ، یەکشەممە 20/3/2022، سەرۆك بارزانی لە هەولێری پایتەخت له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌ى شه‌هیدانى كوردستان ئاگری نەورۆزی كردەوە.

ئاهەنگی گەورەی جەژنی نەورۆز و فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز‌ بە ئامادەبوونی هەریەكە لە سەرۆك مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جەماوەرێكی زۆر لە پارکی شانەدەری هەولێر بەڕێوە چوو.

چەند ڕۆژێكە لە تێكڕای شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بۆ ئاهەنگی شەوی نەورۆز و كردنەوەی ئاگر ئامادەكاریی دەكرێ و ئێوارەی ئەمڕۆ گەلی كوردستان لەسەر لووتكە بەرزەكان و لە شارەكانیشدا لەناو مەشخەڵدا ئاگری نەورۆز دەكەنەوە و ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر زۆرداریدا دەگێڕن و مژدەی هاتنی ڕۆژێكی نوێ و ساڵێكی نوێ و سەردەمێكی نوێی دوای ژێردەستەیی و زوڵم و ستەم لەلایەك و ڕزگاربوون لە سەرما و سۆڵەی زستان و هاتنی وەرزی بەهاری پڕ لە جوانی و ژیانەوە، ئاهەنگ دەگێڕن و پیرۆزبایی لە یەكتر دەكەن.