بڕیارە شاری ھونەرمەندان لە ھەولێر دروست بکرێت و وەبەرھێنەری پڕۆژەکەش دەڵێ، شاری مامۆستایان بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت و بە قیستی درێژخایەن دەدرێتە ھونەرمەندان.
سالار ساڵح، وەبەرھێنەری شاری ھونەرمەندان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بڕیارە شارێک بۆ ھونەرمەندانی شاری ھەولێر دروست بکرێت و پڕۆژەکە لەسەر ٤٠ دۆنم زەوی لە شوێنێکی گونجاو دروست دەکرێت و لە ٣٢٠ خانوو و شەش باڵەخانە پێک دێت و ئێستا پڕۆژەکە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەیزانە بۆ ڕەزامەندی و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت.”
وەبەرھێنەری شاری ھونەرمەندان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “پڕۆژەکە بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت و ڕەچاوی ھەموو پێوەرە ئەندازیارییەکان کراوە بۆ ئەوەی پێکھاتەی خانووی شاری ھونەرمەندان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەڕووی گەرما و سەرماوە بگونجێت و بە چەند ڕووبەرێکی جیاواز دروست دەکرێن.”
لەبارەی مەرجی سوودمەندبوونەوە، سالار ساڵح ڕوونی کردەوە: “لەگەڵ سەندیکای ھونەرمەندان مەرجی سوودمەندبوون بۆ ھونەرمەندان دیاری دەکرێت و یەکەکانی پڕۆژەکە بە نرخی گونجاو بە قیستی درێژخایەن دەدرێتە ھونەرمەندانی شاری ھەولێر و شارەکە تایبەت دەبێت بە چینی ھونەرمەندان.”









