سەلام عەبدوڵڵا

ماوەیەکە هەندێ رەفتار و هەڵوێستی ناوازە بەر چاو و گوێ دەکەوێت کە مرۆڤ لە سەرەتادا باوەڕ ناکات و بڕوا ناکات ئەوەی بە چاو و بە ئاشکرا دەیبینێت، بەشێک بێت لە ڕاستی.

بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵوێستانە هیچ گومان ناهێڵێت کە ئەمە بەرنامەیەکەو داڕێژراوە و پلانی بۆ دانراوە و بە شێنەیی لە لایەن کەس و لایەن و میدیایەکەوە، جا بە فیتی دەست و پارەی دەرەکی بێت یان خەڵکی بێ ئاگا و ناحاڵی و چەواشەکراوی نێوخۆ بێت، هەر ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە ئەم جۆرە دیاردە نامۆیە، پلانێکی درێژخایەن و بەرنامە داڕێژراوی لە پشتە و دەزانرێ چۆن ئاراستە دەکرێ و بۆ چ مەبەستێک بەکاردێت.

سەیر، هەموو گەلی کورد شانازی بە شارێکی قوربانیدەری وەک هەڵەبجە کە لوتکەی تراژیدیای نەهامەتی گەلەکەمانی لە مێژووی ئەم چەند ساڵەی بە زۆر لکێنراویمانی بە عیراقەوە بەرجەستە کرد و نەهامەتی و قوربانیدانی گەلەکەمانی بە جیهان ناساند، لەو شارە دێرینە رەفتار و هەڵوێستی وا نامۆ و باوەڕ پێنەکراو دەبینین و دەبیستین کە مرۆڤ لە گەورەیی ئەو پیلانە گەورەیە، دوژمنانی گەلەکەمانی دێتە پێش چاو.

فەرموون لە هەڵەبجەی شەهید، تەوهین بە گۆڕستانی قوربانیانی ژەهربارانی ئەو شارە دەکرێت و تێکدەدرێت و دەشێوێندرێ! کێ بێ زاتی ئەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە قوربانییانی گەلەکەمانی هەبێت و ویژدان و هەست و هۆشی بەو ڕادەیە سڕکرابێ کە بەو کارە قێزەونە هەڵبستێ.

یان فەرموون لە یادی رۆژی جلی کوردیدا، لەو شارە دوو خوێندکار، وەک تەحەدایەک، عەگال و دزداشە بپۆشن و بە پێکەنینەوە لە نێو خەڵکدا خۆیان نمایش بکەن؟!

ناڕازی بوون لە حکوومەت و لە حزبەکان و لە سیاسەتەکانیان نابێ بگاتە ئاستی بێ بەهاکردنی شەهیدانی و قوربانیدانی ئەم خاکە پیرۆزە، هەرچەند ناڕازیش بیت، چونکە ئەوە تەنیا و تەنیا خزمەت بە نەیار و دوژمنانی ئەم گەلە دەکات.

حکوومەت و پەرلەمان و سەرجەم حزبەکان دەبێ ئەم دیاردەیە زۆر بە جدی وەربگرن و هەوڵی چارەسەری بدەن، دەنا مەترسییەکە زۆر لەوە گەورەتر دەبێ..