ئەمڕۆ، دووشەممە 14/3/2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بە فڕۆکەیەکی سەربازی گەیشتە هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
سەردانەکەی مستەفا کازمی لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر کرانە ئامانجی 10 مووشەک کە دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارەتیی ئەو مووشەکبارانەی لە ئەستۆ گرت.
دوای مووشکبارانەکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتنە سەر هێڵ و داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد سەروەریی وڵاتەکەی بپارێزرێت.
لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و شاندی یاوەری کە لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری و ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق پێک هاتووە، دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان تاوتوێ دەکرێت.









