وەزارەتی کشتوکاڵ لە نوێترین راگەیەندراویدا داوا لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران و ناوەندی ئۆپەراسیۆنی نیشتمانی دەکات، جووڵەی بەرهەمە پەلەوەرییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رابگرێت.  

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکان و بەرژەوەندی گشتی، وەزارەتەکەیان لایەنی پەیوەندیداری ئەو کەرتەیە. بۆیە پێویست دەکات لایەنی ئەمنی رێگری بکەن لە قاچاغی کاڵا خۆراکییەکان و لە نێویشیاندا بەرووبوومی پەلەوەری.

راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ
راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، رێگە نادرێت بەرهەمە پەلەوەرییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی پارێزگاکانی عێراق بکرێن، کە وەزارەتی کشتوکاڵ بەرهەمەکانی دیاریکردووە و بریتین لە ( هێلکەی خواردن، هێلکەی ترووکاندن، مریشکی زیندوو، مریشکی سەربڕاو یاخود بەستوو یاخود گۆشتی مریشك، جووجەڵەی تەمەن یەک رۆژە بە مەبەستی پەروەردەکردن و بەرهەمەکانی دیکەی مریشک).

نووسینگەی وەزیری کشتوکاڵ داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە هەر بارهەڵگرێک پێشێلکاری ئەو بڕیارە بکات لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت و رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

لەو بارەیەوە فیراس سدیق بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، لیژنەیەک لەسەر راسپاردەی وەزارەتی کشتوکاڵ پێکهاتووە، کە نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە خۆدەگرێت.

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکەن تاوتوێی بابەتەکە بکەن بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت.