ئێوارەی ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، تاكلایەنە كڕینی نەوت و گازی رووسیای راگرت، بەمەش خۆی لە وڵاتانی هاوپەیمانی لە یەكێتیی ئەورووپا جیاكردەوە، كە ناتوانن دەستبەرداری نەوت و گازی رووسیا بن.

بایدن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند كە هاوردەکردنی تەواوی بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیای بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کرد، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی ئۆکراینا لە بەرانبەر لەشكركێشی رووسیا، هەروەها سزای زیاتر بەسەر مۆسكۆدا دەسەپێنێت.

جۆ بایدن ئەوەشی گوت كە دەزانێت بەم بڕیارە، زیان بەر هاووڵاتییانی ئەمریكاش دەكەوێ و لە كۆتاییدا دەبێ هاووڵاتی ئەمریكی باجی ئەم سزایانەی سەر رووسیا بدات، بەهۆی لەشكركێشی مۆسكۆ بۆ سەر ئۆكراینا.

سەرۆكی ئەمریكا گوتیشی كە حكوومەتی وڵاتەكەی بڕیاری داوە بڕی یەك ملیار دۆلاری ئەمریكی بە ئۆکراینا ببەخشێت، بەمەبەستی پاراستن و پشتیوانیكردنی ئاسایشی ئەم وڵاتە.

جێی باسە دەمودەست دوای ئەم بڕیارەی ئەمریكا نرخی نەوت بەرز بووەوە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش رای گەیاند كە ئەگەر وڵاتەكەی هەمان سزا بخاتە سەر سووتەمەنیی رووسیا، ئەوا كەرتی گواستنەوە لە ئەڵمانیا پەكی دەكەوێت.