كاروان محەمەد سینو
لەبارەی بڕیاری (دادگای فیدڕاڵی) عێراق دژی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، رۆژی پێنج شەممە 3ی3ی2022 بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕاسێكی رۆژنامەوانیدا بە وردی و تێر و تەسەلی باسی لە نادەستوری و نایاسایی بڕیاری (دادگای فیدڕاڵی) عێراق كرد، لێرەدا و لەبەر رۆشنایی گوتاری بەرێز مەسرور بارزانی، بابزانین چۆن و بۆچی (دادگای فیدڕاڵی) عێراق نادەستوورییە؟ّ!.
هەڵبەت جێگای هەڵوەستە و ڕامان و گومانە؟! كە لە كات و بارودۆخێكی سیاسی ناهەمواری ئێستادا كە ناكۆكی لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و ئاڵۆزی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق لە ئارادایە، (دادگای فیدڕاڵی) عێراق هەڵبستی بە ورووژاندنی بابەتێك كە 10ساڵی بەسەردا چووە، بەڵام بە شەو و ڕۆژێك و لە كات و ساتێكی دیاركراودا بڕیارێكی گوماندار و ورووژێنەری سیاسی لەسەر ئەم بابەتە دەدات.
(دادگای فیدڕاڵی) عێراق جەوهەری پیشەیی و دادگەریی بێلایەنی خۆی لەدەستداوە
هەڵبەت بارودۆخی ناهەمواری پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كات و ساتی دەركردنی بڕیارەكە گەواهیدەری ئەوەن كە بڕیاری ئەم (دادگایە) مەرامی سیاسی و گوشار و تێكەڵكردنی وەرەقەی پڕۆسەی سیاسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقی لەپشتەوەیە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە هەفتەیەك پێشتر هەر ئەم دادگایە (دادگای فیدڕاڵی) عێراق بڕیارێكی دیكەی سیاسی دەركرد بە دوورخستنەوەی كەسێكی خەباتكار و سیاسەتمەدار و شۆرشگێڕ لە لیستی كاندیدانی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ئەویش هوشیار زێباری بوو. بەم شێوەیە (دادگای فیدڕاڵی) عێراق جەوهەری پیشەیی و دادگەری و بێلایەنی خۆی لەدەستداوە و ئیتر وایلێهاتووە لەنێو یاساناس و مافپەروەر و شارەزایانی بواری یاسایی و دادگەری لە ناو عێراق و دەرەوەی عێراقدا بە ئاشكرا و نهێنی، وەكو هەر دەزگایەكی دیكەی سیاسی تەرەفدار سەیری دادگای (فیدڕاڵی) عێراق دەكرێ.
بۆچی (دادگای فیدڕاڵی) عێراق نادەستورییە؟!
لێرەدا پێویستە خەڵكی كوردستان و تەواوی خەڵكی عێراق و ڕای گشتی ناوەوە و دەرەوە بزانن، چۆن و كەی (دادگای فیدڕاڵی) عێراق دامەزراوە؟! و نادەستورییەكەی لە كوێدایە؟!.
خوێنەرانی بەرێز، دوابەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق(2003) و رووخانی رژێمی پێشووی عێراق (رژێمی سەددام حوسێن) بەهەموو دامودەزگا تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری و سەربازییەكانییەوە، (هاوپەیمانان)ی سەركەوتووی ئەم پڕۆسەیە بوون بە یەكەم دەسەڵاتی حوكمڕانی لە عێرق و لە لایەن (جی مونتیگۆمری گارنەر و دواتر پۆل برێمەر)ەوە كاروباری عێراق ڕایی دەكرا. ئینجا لە 12ی تەموزی 2003 بە بڕیاری هاوپەیمانان ئەنجومەنی حوكم لە عێراق دامەزرا (ئەمەش یەكەم ئەنجومەنی دەسەڵاتداری عێراقی بوو). ئەم ئەنجومەنە دەستی كرد بە نوسینەوەی دەستورێكی (كاتی) بۆ بەرێوەبردنی عێراق كە بە (قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية) ناونرا، تا ئەوكاتەی كە دەستورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق دەنووسرێتەوە و بە ڕاپرسی تەواوی خەڵكی عێراق رەزامەندی لەسەر بدڕێ. لەم رووەوە لە ماددەی(62) قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية / كە دوایین ماددەی یاساكەی هاتووە: “ئەم یاسایە بەركار دەمێنێت تا ئەوكاتەی كە دەستورێكی هەمیشەیی دەردەچێت و بەپێی ئەم دەستورە حكوومەتی نوێی عێراق پێكدەهێنرێت”، واتا بە دەرچوون و بەركار بوونی دەستوری هەمیشەیی عێراق / قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية / پوچەڵ دەبێت و ئیتر كار بە ماددەكانی دەستوری عێراق دەكرێ.
نادەستوری بوونی دادگای (فیدڕاڵی)عێراق لە كوێدایە؟!
ئینجا بەپێی ماددە (44)ی (قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية) دادگای فیدڕاڵی عێراق دامەزرا. لەم ماددەیەدا هاتووە (كە دەبێ لەعێراقدا بەپێی یاسا دادگایێك پێكبهێنرێ و بە دادگای ئیتحادی ناوبنرێ). بەم شێوەیە و ئاماژە بەم ماددەیە لە 17ی3ی2005 بە فەرمانی ژمارە(30) ساڵی 2005ی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەوكاتی عێراق و بە ئیمزای ئەیاد عەلاوی بڕیاردرا كە دادگاكە پێكبهێنرێ و ناونرا دادگای ئیتیحادی (واتا دادگای فیدڕاڵی) و فەرمانگە وەكو یاسایێكی كاتی پەیرەوكرا بۆ دامەزراندنی دادگاكە. بەڵام لێرەدا پێویستە تێبینی ئەوە بكەین كە هەر لەسەرەتاوە دادگای (فیدڕاڵی)عێراق بە فەرمانێكی وەزاری دامەزراوە نەك بە یاسایێكی تەشریعی وەكو پێویست، واتا هەر لەسەرەتاوە پێكهێنانی دادگاكە پێچەوانەی ماددە (44)ی (قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية)یە و دەبوایە دادگاكە بە یاساگەلێك پێك بهێنرێ كە لەلایەن پسپۆر و كەسانی شارەزا لە بواری تەشریعی یاساكان ئامادە كرابێ، نەك بە فەرمان و ئیمزای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوكات (ئەیاد عەلاوی). هەڵبەت یاساناسان دەزانن كە لەرووی هێزی یاساییەوە جیاوازی چییە لە نێوان (فەرمان و یاسا)؟، بێشك یاسا هێزی زیاترە لە فەرمانی وەزاری.
بەهەرحاڵ دادگاكە پێكهێنرا و لەو كاتەوە لەژێر كاریگەری و گوشاری لایەنە سیاسییە باڵادەستەكانی عێراق و تاكو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت دادگاكە كاروبارەكانی خۆی ڕایی دەكات. بەڵام پاش دەرچوونی دەستوری هەمیشەیی عێراق و كارپێكردنی (2006)، هەروەكو لەسەرەوە باسمانكرد ئیتر/ قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية / پووچەڵ بووەوە و ئیتر كار بە ماددەكانی دەستور كرا. ئا لێرەدا دەبوایە یاسای دادگای فیدڕاڵی تەشریع بكرایە و 3 لەسەر2ی ئەندامانی پەرلەمان پەسندیان بكردایە، ئینجا بەپێی ئەو یاسایە چاكسازی و راستكردنەوە بۆ ئەندام و پێكهاتەكانی دادگاكە بكرایە، هەروەكو لە ماددەی(92/بڕگەی دووەم)ی دەستور دیاری كراوە، بەڵام پاش دەرچوون و بەركاربوونی دەستور و تاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت (شازدە ساڵە) ئەو یاسایە بۆ پێكهێنان و رێكخستنەوەی دادگای فیدڕاڵی (ئیتیحادی) ئامادە و تەشریع نەكراوە. ئا ئەمە خاڵی نادەستورییەتی دادگای فیدڕاڵی عێراقە كە بووەتە هۆكاری ئەوەی بوونی خودی دادگاكە پێچەوانەی ماددەی(92/بڕگەی دووەم)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق بێت. ئینجا كە دادگایێك لەسەر هیچ بنەمایەكی دەستوری پێكنەهاتبێت، واتا بوونی نادەستورییە، ئینجا چۆن و لەسەر چ بنەمایێك بۆی هەیە چاودێری و تەفسیر و دەستوەردان لە ماددەكانی دەستور بكات؟!. بۆیە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت كە بەپێی ماددە و رێكارەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراق هەوڵی پێكهێنانی دادگای فیدراڵی بدرێت بۆ ئەوەی ئەم داگایە مافی ئەوەی هەبێت بەشێوەیەكی بێلایەنانە و عەدالەت و دوورلە گوشار و كاریگەری سیاسیی ناوخۆیی و دەرەكی چاودێری و دادگەری لەو كێشانە بكات كە لەنێوان هەرێمەكان و حكوومەتی فیدڕاڵیدا هەیە یاخود لە داهاتوودا دروست دەبن.










