سەلام عەبدوڵڵا

کۆمەڵێک کە ناوی خۆیان ناوە شێخەکانی کەربەلای پیرۆز لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کۆمەڵێ تۆمەتی ناڕەوا و بێ بنەما دەخەنە پاڵ هەرێمی کوردستان و پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیاری نابەجێی دادگای فێدڕاڵی عێراق رادەگەیەنن و بە زمانێکی زۆر بازاڕی و هەرزە رەخنە لە هەرێم و سەرکردایەتییەکەی دەگرن کە مرۆڤ یەکسەر هەرزەگۆییەکانی رژێمی دیکتاتۆری بەغدای دێتەوە یاد، ئەگەرچی زمانی بەعسییەکان زۆر لەم “شێخانە” بە ئەدەبتر و سیاسییانەتر بوو.

ئەم “شێخانە” دیارە لە گوێی حوشتردا نووستوون، دەنا بەوشێوە دەشتەکییە نەئەخاوتن و هێندە بێ ئاگا و ناحاڵی نەدەبوون.

سەیر ئەمانە دەڵێن: هەرێم وەک مانگا خوارووی عێراق دادەدۆشێ و هەموو پارە و پولی ئەوان بۆ هەرێم دەچێ و ژمارەیەکی خەیاڵیش رادەگەیەنن گوایە (182) میلیار دۆلار؟! نێردراوە لە پارەی ئەوان بۆ هەرێم، بۆیە ئاستی بژێوی دانیشتووانی هەرێم و بەرەوپێشەوەچوون و پەرەسەندنی هەرێم بەهۆی ئەو “خێرەی” ئەوانەوە بووە.

جا لەوە زیاتریش ناڕاستی دەڵێن، گوایە هەرێم نەوتی عێراق دەدزێ!!

جارێ تۆ لەو زمانە هەرزەیە بگەڕێ کە ئاستی بیروهۆشی ئەو شێخانە نیشاندەدات، چونکە ئەو تۆپەڵە مرۆڤەی خڕ کراونەتەوە ئەو ڕاستییە نازانن کە بودجەی عێراق 82٪ی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بووە و تەنیا- ئەویش لەسەر کاغەز- لەسەدا 17٪ی بۆ هەرێم بووە کە بە پاساوی بێ مانا و بێ بنەما هەرگیز ئەو ڕێژەیەیان نەناردووە و بە ناوی مەسروفاتی سیادی کلک و گوێیان کردووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە 2014 کە هەرێم دووچاری هێرشی دڕندەکانی داعش هات، دەسەڵاتدارانی عێراق لە باتی ناردنی کۆمەک بۆ هەرێم، تەواو ئەو بودجەیەیان لە هەرێم بڕی کە بە میلیارات دەخەمڵێندرێ.

ئەوە سەرەڕای ئەوەی ملیۆنێک پەنابەری عەرەب کە لە دەست زوڵم و زۆری ئەوان ڕایان کردبوو پەنایان هێنابووە بەر هەرێم و لای ئێمە داڵدە دران.

ئەو شێخانەی شاری پیرۆز نازانن کە هەرێم بەپێی یاسا و دەستوور پەنای بۆ ئەو کارە بردووە و بەپێی بڕگەکانی دەستوور ڕەفتاری کردووە.

جا کە ئەم شێخانە دەڵێن، سەرکردایەتی کورد و بەتایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی هەڕەشەی کردووە. ئەوە ڕاستە بەڵام سەرۆک بارزانی بە دەستوور و بڕگەکانی هەڕەشەی کردووە،ئێوەی شێخی عەشیرەت و دەەسەڵاتدارانی بەغدای ئاگادار کردۆتەوە و بە ڕاشکاوی پێی وتوون: با دەستوور و بڕگەکانی دادوەر بن.

چونکە ئەم هەموو پێشێلکارییەی دەکرێت هۆکارەکەی پشتگوێ خستنی دەستوورە کە ئێوەی بەڕێز لێی بێ خەبەرن.

لە کۆتاییدا دەڵێین، با دەستوور حەکەم بێت و ئیدی ئەم هات و هاوار و هاشوهوشەی ناوێت.