ئەمڕۆ دووشەممە 21/2/2022، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، قەرزی هاووڵاتییان لە هەر سێ سێكتەری شارەوانی، ئاو و گەشتوگوزاردا دەكاتە قیست، یان بە داشکاندن لێیان وەردەگرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ”وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی و بە مەبەستی ئاسانكاری و بارسووككردنی هاووڵاتییان پاڵپشت بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران، قەرزەكانی لە هەر سێ سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و گەشتوگوزاردا دەكاتە قیست و ئەو هاووڵاتییانەیشی كە بە یەكجار قەرزەكانیان دەدەنەوە، بە داشكاندنی ڕێژەی 15% لە بڕیارەكە سوودمەند دەبن، بە مەرجێك هاووڵاتییان لە ماوەی 90رۆژدا دەست بە مامەڵەكانیان بكەن”.
لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەت لە سەرجەم شار و شارۆچكە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە، ئاماژە بەوە دراوە كە ”لەبەر بەرژوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بە مەبەستی بارسووككردنیان لە دانەوەی قەرزەكانیان بڕیارمان داوە قەرزەكانی حكوومەت بکرێنە قیست”.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە بڕیارەكەدا ئەوەش هاتووە: ”بڕی هەر قیستێك دەستنیشان بكرێت و هاووڵاتییش مانگانە پابەندە بە دانەوەی قیستەكەی كە دەتوانێت قەرزەكەی بۆ 12 مانگ بكاتە قیست، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت قەرزەكانیان بە یەكجار و بەبێ قیست بدەنەوە، داشكاندنی ڕێژەی 15%یان بۆ دەكرێت، بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی كە بە شێوەی قیست قەرزەكانیان دەدەنەوە داشكاندنی ڕێژەی 15% نایانگرێتەوە، بەڵكوو دەتوانن بە شێوەی قیست لە ماوەی 12 مانگدا قەرزەكانیان بۆ حكوومەت بگەڕێننەوە”.









