نه ژاد عزیز سورمێ

( لەو دیو دێوجامەی نائومێدیدا
گۆرستانەكانیان ئاوەدان دەكردەوە …
چ خەمت بوو ، هەردوو چاوت گیرا بوو
جێی تاڵە هەتاوێكیان تیا نەمابوو ..
(ئیساكا)ت لە چاوێك و (پنلۆپ)ت لە چاوەكەی دی هەڵگرتبوو )

چۆلەكەیش هێللانەی هەبوو
شەوان سەری غەریبی خۆی پێ‌ دەكرد
بێ‌ مرادی ،
لە كاروانسەرای (شكۆ) وە دەستی پێ كرد ..
ڕەزمگێڕان ،
تاسەی كروزانەوەی وڵاتێك بوون
نەتەختی هەبوو نە تەلار
لە بێپەروایی زەمەندی خەونەكانمان نەخشابوون ..

( ئەوە وڵاتی من نییە وەرزبازیی
وێنەی تنۆكە ئارەقێك
بەلاجانگی دێتە خوارێ‌
ئەوە وڵاتی من نییە ،
چۆلەكە لە بەر خۆریا مەلە بكەن و
بارانی لێ‌ نەبارێ‌ )

تەمی سەر گەشتەیی نەبوو ئەوە كریڤ !
سنگی پێگوزەر
تیلاكی ناكامی
شەوقی چاوەڕوانی و
(باران) ی دۆستی هەژاران بوو ..
دەرەوشانەوەی تارماییەكان ،
توانەوەی ڕەشەبا بوو
مەگەر نەتدی ؟
خونچەی بە چڵان و
بارانی بە هەورانەوە نەهێشتبوو….
مەگەر نەتدی؟
نه‌تدی چەند ڕەش بوو …….
بە چڵێ‌ هەتاو توایەوە؟
مەگەر
نەتدی؟

( مەڵبەندی دنیا نەبوو ئەو
شەوێكی درێژدادڕ بوو…..
بێزاری بوو تا ڕادەی
بێزاری شەو .. )

تەنێ‌ ئاڵای سەری خۆی بوو
تەنی من بوو
جامێ‌ لە دەست شازادەی ساماڵتان نابوو
خوێنی من بوو
تۆ تەماشا !
ئەو زادەیە بێ‌ وێنەیە
بە چ ژانێكی گلاراو لە دایك بوو و
ماڵئاوایی لە نیشتمانی برینەكان كرد
تەماشا ….

لە شەقامە سەرمەدییەكانی مێژوودا
پیاسەت دەكرد…
ساڵی سێ‌ زستان و
چوار زستان و
پێنج زستانت دی
لە ئەشكەوتی سڕ و بن تاوێران ..
لە چاوی هاورێكەت بەدەر
یاوەرێكی دیكەت نەبوو ..
تۆ هەر ڕووەو بناوان كشای ..
هەبوو هەر زوو چیرۆكەكەی دوا پێ‌ هێنا
تۆ هەر ڕووەو بناوان كشای
ڕووەو شكۆی گوڵڕەنگی ژیان
ڕووەو حەقیقەتەكان هەمووووی ..

دێسێمبەری 1991