سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى پێشوازیی له‌ باڵوێزى ئه‌مریكا له‌ عێراق كرد و بارودۆخی عێراق و دوایین پێشهات و هاوکێشەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16/2/2022 لە سەلاحەددین، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ماتیو تولەر، باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا کە ڕۆبێرت پاڵادینۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و دوایین پێشهات و هاوکێشەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوە دەستوورییەکانی دوای یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تاوتوێ کران.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە پێویستیی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی عێراق کرایەوە.

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق ئەوەی خستە ڕوو، کە وڵاتەکەی بە وردی بایەخ بە گۆڕانکاری و ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق دەدات، هه‌روه‌ها هانی هەموو لایەک و هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەدات، بە لەیەکتێگەیشتن و هەماهەنگی، گرفتەکان چارەسەر بکەن.

باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیریی و پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستان.