خەبات: رۆشنا عەلی:- سیستەمی بونیادنانی تواناكان ئەو سیستەمەی كە لەرێگای ستانداردەكانی هەڵسەنگاندن بۆ ناوەندەكانی خوێندن ئەنجامدەدات و ماوەی سێ ساڵە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە ، بەڵام لەبەر دۆخی كۆرۆنا تەنها یەك ساڵ تا ئێستا لە ناوەندەكانی خوێندن و لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە ئەنجامدراوە. بۆ ئەمساڵی خوێندنیش تا ئێستا لە زۆربەی قوتابخانەكان نەكراوەو لەهەندێكیش كۆتایی هاتووە. تەوەری سەرەكی بابەتەكەش ئەوەیە ئایا ئەم سیستەمە چی لە ناوەندەكانی خوێندندا دەگۆڕێت ؟ ئایا لە رێگای ئەم سیستەمەوە دەتوانین قوتابخانەی باش و خراپ لەیەكتر جیابكەینەوە؟ ئایا ئەو قوتابخانەیەی نمرەی چوار كە بەرزترین نمرەیە بەدەست دەهێنێت ئەكرێت ناوبنرێت بە قوتابخانەیەكی نموونەیی ؟ ئایا پێوەرەكان راستەقینەن بۆ هەڵسەنگاندنێكی وردی زانستی لە قوتابخانەیەكدا ؟ كێشەكانی بۆ بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیاران چییەو تێگەشتن و بەرو پیرەوەچوونی پەروەدەكاران بۆ ئەم پرۆژەیە بە چ ئاراستەیەكە ؟لاپەڕەی پەروەدەو خوێندن بەچەند تەوەرێك وەڵامی ئەم پرسیارانە لە پەروەدەكاران و سەرپەرشتیارانەوە وەردەگرێت.
*دەربارەی هەڵسەنگاندن لەسەر خاوێنی قوتابخانە تاچەند هەڵسەنگاندنی دروستە لە كاتێكدا خاوێنی مەرجە و پێویستە هەبێت و ناخاوێن ئەبێت سزا بدرێت نەك نمرە وەرنەگرێت ؟ لەم بارەیەوە مامۆستا كامەران نوری سەرپەرشتیاری پەروەدەیی كارگێڕی لەیەكەی سەرپەرشتیكردنی ئامادەیی و پیشەیی رۆژئاوای سلێمانی بۆ خەبات وتی: هەموو پڕۆسەیەك ئەگەر لێكتێگەشتنێكی بابەتیانەی نەبێت بە هەڵەدەڕوات هەڵبەتە سەرەتای پرۆسەكە كە خول كرایەوە ئەوەی گەشت بەبەرێوەبەرەكان ئەوەبوو كە تەركیز بكەنە سەر بینای قوتابخانە ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵە تێگەشتنە لەبابەتەكە ئەگەرنا من لەگەڵ رێزم بۆ راهێنەرەكان كە خۆشم یەكێك بووم لەو راهێنەرانە زۆر باش ئەوەیان روونكردەوە هەندێك لەبەرێوەبەرەكان بەو جۆرە تێگەشتن ، هەڵسەنگاندنی دەرەكی یەك بوارو یەك ستاندارد نییە راستە لەو بوارو ستانداردانەی تایبەتە بەباڵەخانەی قوتابخانەكە ئیشی باشی كردووە نمرەی باش بەدەست ئەهێنی، بەڵام ئێمە 25 ستانداردمان هەیە ئەی لەوانی تر كەواتە ئەمە تایبەت نییە بەبینای قوتابخانە پەیوەندی هەیە بە ئەدای مامۆستا لە قوتابخانەكە ئاستی زانستی شێوازی وانە وتنەوە بەكار هێنانی میتۆد وئەوشێوازە نوێیانەی وانەوتنەوە كە پەیڕەو دەكرێت و پێیان گەشتووە جگە لەوەی ئەم پرۆسەیە بەشداریكردنی كۆمەڵگایە بۆ ئەوەی بێن بزانن لە قوتابخانەكاندا چی ئەگوزەرێت و رای خۆیانی لەسەر بدەن.
*دەربارەی ئەوەشی دووساڵە ئەم پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت بۆچی تا ئێستا تێگەشتن كەمە بۆ ئەم پرۆسەیە ؟مامۆستا كامەران وتی : ئەمساڵا بەبەراورد بە دووساڵی رابردوو زۆر جیاوازە هەمووی لەوە تێگەشتووە كە مەسەلە باڵەخانە نییە و كار لەسەر شتی تر دەكات، بەڵام پرۆسەكە زۆر چڕوپڕە و هێشتا زۆر پێویستی بەكردنەوەی خول هەیە من لە خوود هەڵسەنگاندنی خۆم وەك سەرپەرشتیارێك لە راسپاردەكاندا ئاماژەم بەوە كردووە پێویستە سەر پەرشتیاران و بەرێوەبەری قوتابخانەكان و مامۆستایان و فەرمانبەران هەموو خول ببینن بۆ ئەوەی زیاتر شارەزا بن ،بەڵام ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت لەگەڵ ئەوەی پێرار جیاوازییەكی زۆری هەیە.
*ئێوە ئاماژەتان بەوەدا كەكۆمەڵگەش بەشداری دەكات لەم پرۆسەیەدا، بەڵام ئەوەی دەبینرێت تەنها لە كۆكردنەوەی پارەیە بۆ كەم وكوڕی قوتابخانەكە ئایا ئەم بەشداریكردنە ئاڕاستەیەكی تریشی هەیەو هێشتا تێگەشتن بۆی نییە ؟لەمبارەیەوە ئەو سەرپەرشتیارە وتی: بەشداریكردنەكە بەس پارە كۆكردنەوە نییە وە ئەمە بە هەموو بەرێوەبەرەكان راگەیەنراوە بەشداریكردنی مەعنەوی، من لەو قوتابخانانەی هاورێی رەخنەگرم لێی پێیان دەڵێم كە بەشداریكردنی مەعنەوی ئێوە لەم پرۆسەیە زۆر گرنگترە لە بەشداریكردنی مادی بۆنموونە لەناو دایك و باوكانی قوتابیان كەسانی بە توانای تێدایە كەسانی ئەكادیمی تێدایە و لە بواری جیاواز زانیاری باشی هەیە من بانگهێشتی دەكەم بۆ ئەوەی سیمینار بكات بۆ مامۆستاكان بۆ قوتابییەكان كە ئەمە خۆی لە خۆیدا سوودیان پێئەگەیەنێت قوتابخانە هەبووە سەوزایی لە قوتابخانەكەدا كەم بووە دایك و باوك هەبووە لە كشتوكاڵ كاری كردووە یان حەزی بۆ رازاندنەوەی باخ و سەوزایی هەیە ئەتوانرێت سوود لە تواناكەی وەربگیرێت مەرجیش نییە لەسەر داهاتی خۆی بێت، یان كتێبخانەی قوتابخانە ئەگەر هەر باوكی قوتابییەك یەك كتێب بهێنێت قوتابخانەكە 200 قوتابی هەبێـت واتە 200 كتێب كە ئەمە بۆخۆی دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی قوتابخانەكەیە، دایبابان پاڵپشتییەكی باشن بۆ قوتابخانەجاری واهەیە خۆیان پرۆژەیان هەیە بۆ قوتابخانە چونكە، لە ئەنجومەنی دایبابان كە هەڵئەبژێردرێت كەسێك دەبێتە ئەندام لە لیژنەی پەرەپێدانی قوتابخانە كە بووە تیمی پەرەپێدان كەواتە كار دەكات بۆ قوتابخانەكە و پێویستە لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ دایبابان ئەم پەیامەیان پێبگەیەنرێت.
*زۆر باس لەوە دەكرێت رۆتییاتی زۆرە ئایا بەرێوەبەرەكان گەورەیانكردووە یان پێویستی سیستەمەكەیە بۆ نموونە كاتێك داوای بەڵگە ئەكات پێویستی ئەمانە لە چیایە بۆ ئەم هەڵسەنگاندنەو بۆ پەروەردەش؟ لەمبارەیەوە مامۆستا كامەران وتی : تۆ بۆ هەموو كارێك پێویستە بەڵگەت هەبێت یان وێنەیە یان ڤیدۆیە تۆ ئەگەر بەڵگەكان بە وێنە بێت تۆمارێكی بۆ كرابێـەوەو رێكەوتی لەسەر بێت زۆر باشە ، ئەم سیستەمە ئەوە نییە دایك و باوك مناڵەكەی بنێرێتە قوتابخانەو نەزانێت لە قوتابخانە چی ئەگوزەرێت ئەبێت بێت و بەشدار بێت و ببینێت بەشدارییەكی كاریگەریان هەبێت ئەم هاوكاریكردنەش چەند لایەنەیە یەكەم ئەو منداڵە دەزانێت كە هەم ماڵەوەو هەم قوتابخانە ئاگایان لێیەتی كەواتە ون نابێت لەو نێوەندەدا و پێویستە كارا بكرێت و یەكێكە لە بنەماكان.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بەم سیستەمە دەتوانین قوتابخانەی باش و خراپ لەیەك جیابكەینەوە لە ئەداو توانستی زانستی ؟مامۆستا كامەران وتی: بەڵێ دەتوانین بەمەرجێك لایەنی پسپۆرییەكە پشت گوێ نەخەین سەرپەرشتیار تەنها هاورێی رەخنەگر نەبێت بەڵكو هاوكات پیشەكەی خۆی بەجێبگەیەنێت كە پسپۆرییە پسپۆری عەرەبییە ئاگای لە مامۆستای عەرەبی ئەو قوتابخانانە بێت كە لایەتی راستە رەنگە هەندێك لەسەرپەرشتیارەكان هاوڕا نەبن بڵێن ئەوە ئەركێكی زیاترە بۆ ئێمە، بەڵام ئەگەر ئەم دوو لایەنە هەردووكی تەریب بەیەك بڕۆن هەم پرۆسەكە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت هەم لایەنە پسپۆرییەكە لەلایەنی زانستییەكەوەسەركەوتوو دەبێت كە لە ئێستادا كەم و كوڕێمان هەیە بە تایبەتی لە ئێستادا كە ماوەیەكی زۆرە دامەزراندن نییە مامۆستایەكی زۆری وانە بێژ وو گرێبەستمان هەیە كە پێویستییان بەسەرپەرشتیار هەیە تابزانن چۆن وانە دەڵێنەوە بۆیە ئەم دووانە دەبێتـ وەك دوو هێڵی تەریب بەیەك ئاراستە سەركەون ئەو كات پرۆسەكە دەتوانێت سەركەتن بەدەست بهێنێت.










