گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی عێراقی له ئۆكرانیا، ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یه.
عه‌لی عه‌باس جیهانگیر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی عێراقی له ئۆكرانیاوه، ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یه، له ئێستاشدا عێراق گه‌شته فرۆكه‌وانییه‌كانی بۆ كیڤ راگرتووه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچبه‌رانی عێراق، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه پێشتر هاووڵاتیانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه كه كیڤ جێبهێڵن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان چاودێری دۆخی ئۆكرانیا ده‌كات. ده‌شڵێت: “5500 هاووڵاتی عێراقی له ئۆكرانیان، رێوشوێنی گه‌ڕاندنه‌وه‌یان ئاماده كراوه، ئاسایشی باڵیۆزخانه‌ی عێراقیش دابینكرداوه.
گرژییه‌كانی سه‌رسنووری ئۆكرانیا- رووسیا به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ده‌ڕوات، شه‌ڕێكی چاوه‌ڕوانكراو له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپادایه، ته‌واوی وڵاتانی جیهان هاووڵاتیان و كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌كانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه ئه‌و وڵاته جێبهێڵن، چونكه دۆخه‌كه مه‌ترسیداره.
K24









