بڕیارە تاكوو ئەمشەو شەممە پۆلیسی كەركووك بكەوێتە دوا حاڵەتی ئامادە باشییەوە و فەرماندەی پۆلیسی كەركووك ڕایدەگەیەنێت، پۆلیسی كەركووك لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە.
دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئەمڕۆ شەممە پەیوەندی بە هەموو ئەو پۆلیس و ئەفسەرانی پۆلیسەوە كراوە ئەوانەی كە لە مۆڵەتدان تاوەكوو ئەمشەو شەممە بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانیان و پۆلیس دەخرێتە حاڵەتی ئامادەباشی (ج)یمەوە.
باس لەوە دەكرێ كە هەندێ زانیاریی هەواڵگیری هەیە كە تیرۆریستان لێرەو لەوێ نیازی ئەنجامی هێرشیان هەبێت.
لە بارەی حاڵەتی ئامادەباشی پۆلیسی كەركووكەوە، ئەمڕۆ شەممە 12/2/2022، عەمید كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركووك ڕایگەیاند: “ماوەیەكە پۆلیسی كەركووك لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و پرۆسەی مومارەسەی ئەمنیی دەست پێكردووە و كێشەی وا نییە لەسەر كەركووك و دەوروبەری تەنیا مومارەسەی كارەكانی خۆمانە”.
لەبارەی ئەوەی ئەمڕۆ پۆلیسی كەركووك دەخرێتە دوا حاڵەتی ئامادەباشییەوە، فەرماندەكەی پۆلیسی كەركووك، گوتی: “ئێمە مانگێكە لە حاڵەتی ئامادەباشیداین بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران و ئەوانەی لە یاسا دەرچوونە و هەموو كارێك دەكەین بۆ ئەوەی دۆخیی ئەمنی باش بێ و مەترسی لەسەر شاری كەركووك نییە”.









