ئەمڕۆ، دووشەممە 7/2/2022 وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕوونکردنەوەیەکی مەیدانیی لەسەر پرۆژەی پێوەری زیرەک بڵاو کردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە کە ”لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی دووشەممە، بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەکە، سەردانی سەنتەری پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کرد و لە دیدارێکی پراکتیکیدا لەگەڵ کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا و سەرپەرشتیاری پرۆژەی پێوەری زیرەک و تیمێکی تەکنیکیی پێوەرەکە دیداریان کرد و ئاگاداری چۆنیەتیی کارکردنی پێوەری زیرەک بوون”.

ئاماژە بەوەش دراوە کە هەر ”لەم سەردانە مەیدانییەدا، وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان درایەوە و پۆختەی پڕۆژەکە و پلانەکانی بۆ داهاتوو لە هەموو بوارەکانیدا خرایە ڕوو و تیشک خرایە سەر گرنگیی پڕۆژەکە بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا لە بواری رێکخستن و کۆنترۆڵکردنیدا”.

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە کە ”بە پراکتیک، ئەوەش بە لیژنەی پەرلەمان راگەیەندرا کە کەمبوونەوەی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندیی بە کەمبوونی بڕی بەرهەمهێنان و بەرزبوونە و هەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا هەیە”.

باس لەوەش کراوە کە پڕۆژەی پێوەری زیرەک قوناخی باشی بڕیوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا، چەندین تایبەتمەندیی دیکەی باشی پێوەرەکە بەکار دەخرێن.