ئەمشەوی یەكشەممە هۆزەكانی ئەنبار لە بەیاننامەیەكدا جوڵاندنی هێزێكی حەشدی شەعبییان بەرەو سنووری پارێزگای ئەنبار سەركۆنە كرد و رایانگەیاند قبووڵی ناكەن دەستدرێژی بكرێتە سەر ئاسایشی ئەنبار.

لە بەیاننامەیەكدا شێخ ئەحمەد ئەبوریشە بەناوی شێخان و ڕیشسپیانی هۆزەكانی ئەنبار ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمڕۆ جارێكی تریش هێزێكی حەشدی شەعبی بەبێ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەرەو دەروازەی رۆژهەڵاتی ئەنبار جوڵێندراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە سەركۆنەی ئەم جوڵاندنی هێزە دەكەن و بەرپرسیاریەتییەكەشی دەخەنە ئەستۆی فالح فەیاز كە سەرۆكی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبییە و هێزێكی سەر بە حەشد بەبێ ئاگەداری و لەخۆڕا هاتوونەتە ئەنبار.

دووپاتیشی كردووەتەوە هۆزەكان بەرگری لە ئەنبار دەكەن و ڕێگە نادەن ئەو هێزە یاری بەئاسایشی ئەنبار بكەن و یاسا پێشێل بكەن، لەم پێناوەشدا وەكو هەموو جارەكانی تر، هەر ڕێگەیەك دەگرنەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی بۆ سەر ئەنبار.