د. سـامان سـۆرانی
لە ئێستادا دیمەنی سیاسی عیراقی پاش هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، کە چەندین دیاردە و ڕاستی خۆیان بەسەریدا سەپاندووە، دووبارە ڕووبەڕووی قەیران بۆتەوە.

سەنگەرگرتنی هەندی لایەنی سەرنەکەوتوو لە هەڵبژاردنەکان بەرامبەر بە هێزی زۆرینەی نیشتمانی، کە مەبەستیە ئاراستەی ئایندەی عیراق لە قەیرانەوە بەرەو کەناری سەقامگیری و بونیادنان و سەربەخۆیی نیشتمانیی بگۆڕێ، بۆتە ڕێگر و ئالنگاری.

ئەم سەنگەرکرتنە ڕەنگدانەوەی نەرێنی هەیە لەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی و ئەمنی، کە جەماوەری عیراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

بۆیە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی و نەهێشتنی بەربەست و گرفتەکان و چارەسەرکردنی دابڕانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و دۆزینەوەی خاڵی کۆکەرەوەی هاوبەش بۆ دەربازبوون لە بنبەستی سیاسی هەنگاوێکی ژیرانە و نیشتمانپەروەرانەیە.

ڕاستە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە عیراق هاوپەیمانێتیەکی سیاسی بەهێز و یەکگرتووی لەگەڵ خۆی هێنا، کە وێنەیەکی ڕوونی پێشهاتەکانی داهاتوو لە عیراق بەرجەستە دەکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەم پەرەسەندە سیاسیانە پێویست بوو سەرکردەیەکی حەکیم، کە هەست بە بەرپرسیارێتیەکی بەرز دەکات ڕۆڵێکی نیشتمانی بگێڕی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکان و دۆزینەوەی ڕوانگەیەکی مەیدانی و دەستپێشخەری سیاسیی، کە هەڵقووڵاوی واقیعی ئێستای عیراق بێت.

گەلی عیراق خواست و ویستی ڕەوای زۆرە، پێویستی دەستەبەر بکرێن، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكای وەکو ئاو، کارەبا و خاوێنڕاگرتنی شار و شارۆچکەکان و فرەجۆركردنی ئابووری و بایەخدانی زیاتر بە کەرتی تەندروستی و دامەزراوەکانی و دابینكردنی دەرفەتی كار و باشکردنی بواری ئیداریی و پتەوكردنی دامودەزگاكانی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان و نەهێشتنی تەعریب و میلیشیا چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا، زۆر پێویستە بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم ئەو بەرنامانە و بەرنامەی چاكسازیی بەکردار و بەرهەمدار، حکومەتی داهاتوو لە عیراقی فیدڕاڵ لە لایەن هاوپەیمانێتی زۆرینەی نیشتمانی پشتیوانی بکرێت.

لە ڕابووردووشدا سەرۆك مەسعود بارزانی بە هۆی ئەزموونی مێژوویی و مەیدانی ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە چارەسەرکردنی سەرجەم قەیرانە سیاسیەکان و بە ڕوحی لێبوردەییەوە کاری کردووە بۆ پاراستنی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و عیراق لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگ و ئاشتیخواز و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.

دەستپێشخەریە مێژووییەکەی ئەم جارەیان، کە پشتگیری و خۆشحاڵی شەقامی عیراقی لێکەوتەوە، هەڵگری ستراتیژێکی قووڵی نیشتمانیە و بە دڵنیاییەوە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە لە پێناو دامەزراندنی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە عیراقی فیدڕاڵ.