وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نوێی بۆ پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاكسین دەركرد.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی، كە رۆژی 26/1/ 2022 دەرچووە و ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە پارێزگاکان کراوە ، ئەوە خراوەتەڕوو، كە بڕیاردراوە بە پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاكسین.

لە دەقی نووسراوەكە هاتووە: “ئاماژە بە نووسراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق و راسپاردەكانی لیژنەی زانستی پزیشكی، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی بەرگریی لەشی سوودمەندان لە ڤاكسینەكانی دژەكۆرۆنا و پارێزگاریكردن لێیان لە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا، بە تایبەت ئۆمیكڕۆن، بڕیار درا لەسەرپێدانی ژەمی سێیەم لەو ڤاكسینانە بۆ تەمەنەكانی سەرووی 18 ساڵی، بەهەمان رێكارەكانی پێشوو”.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا  رایگەیاند: “ژەمی سێیەمی ڤاكسین بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتیی كۆمەڵگایە، بە تایبەت پاراستنی هاووڵاتییانی كوردستان لە ئۆمیكڕۆن”.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوانەی لەسەرووی 18 ساڵین و دووژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە، بەپێی رێكارەكانی پێشووترژەمی سێیەمیان پێدەدرێت.

No description available.