وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابییان بۆ ماوەی هەفتەیەک پشووی ڕاگەیاند.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە “لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی پشوو دەبێت تا ڕۆژی یەکشەممە 30ـی 1ـی 2022“.

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان:-

بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی  مامۆستایان و قوتابیيان لە دابەزینی پلەکانی گەرمی  پاش هەڵسەنگاندنی ( وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندن / بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، بریارماندا بە:-

1- لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی ( حکوومی – ناحکوومی ) پشوو دەبێت تا رۆژی یەکشەممە 30ی 1ی 2022 واتا رۆژی یەکشەممە پشوو دەبێت.

2- ئەو هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوانەی  وەرزی یەکەم کە ئەنجام نەدراون لە رۆژی دووشەممە 31ی 1ی 2022  دەست پێ دەکرێتەوە، کارگێری ناوەندەکانی خوێندن خشتەی  ئەو تاقیکردنەوانەی کە ماون بۆ قوتابییان رادەگەیەنن بەمەرجێک بەیانییان لەکاتژمێر 9:30 ی بەیانی دەست پێ بکات، پاش ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانەی کە ماون خوێندنی وەرزی دووەم  دەست پێ دەکات .

3- قوتابخانەکانی (سابیس) و (نێودەوڵەتییەکان) و ( بیانییەکان ) کە پرۆگرامی تایبەتیان هەیە دەتوانن تا وادەی ئاماژەپێکراو بە شێوازی خوێندنی ئۆنلاین بەردەوام بن.

4- ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماوەی لەدەستچوو، ساڵنامەی خوێندن هەموار دەکاتەوە.

ئالان حەمە سعید

وەزیری پەروەردە

22ی 1ی 2022