مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی پەلامارەکەی سەر نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵا لە شاری کەرکوو دەکات و پاراستنی ماف و ژیانی هاووڵاتیان و بەرپرسان دەخاتە ئەستۆ هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە.

لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی هاتووە: “ئەمشەو ھێرشێکی تیرۆریستانەی شکستخواردوو کرایە سەر نووسینگەی (شاخەوان عەبدوڵڵا) جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە شاری کەرکووک، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا زۆر بە توندی ئەو پەلامارە ئیدانە و ریسوا دەکەین، بە ئەنجامدەرانیشی رادەگەیەنین کە بە کردەوەی تیرۆرستی و شکستخواردوو شکستەکانیان چارەسەر و پەردەپۆش ناکرێن، ھاوکات پێمان وایە پاراستنی ماف و ژیانی هاووڵاتیان و بەرپرسان بەبێ جیاوازی لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکەیە”.

ئاماژە بەوەش دراوە: “لەم سۆنگەیەوە داوادەکەین بە زووترین کات تاوانکاران بە سزای رەوای خۆیان بگەن بۆ ئەوەی ئەو کارە تێکدەرانە و تاوانکاریانە دووبارە نەبنەوە و، هەموو لایەکیش بە جیددی و بەرپرسیارانە کاربکەن بۆ رێگە گرتن لە کاری گێرەشێوێنی لە پێناو دابینکردنی ئەمنیەت و ئاسایشی ھاووڵاتیان و سەقامگیری گشتی”.

ئەمشەوی چوارشەممە له‌ گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوای شاری كه‌ركووك، به‌ نارنجۆكێكی ده‌ستی هێرش كرایە سەر نووسینگه‌ی شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانیش لە ئەنجامی هێرشەكەدا، تەنیا زیان بەر نووسینگه‌كه‌ كەوتووە و زیانی گیانی نەبووە.