مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم پێشوازی لە لوکاس گاسەر باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سویسڕایان کرد.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتی سویسرا کرد بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.

لای خۆشییه‌وه‌ باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن، سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە گەڵ باڵیۆزخانە کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان و ھاندانی هاتنی کۆمپانیاکانی سویسرا  بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.