به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2022/1/16 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌  مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزى به‌ر‌یتانیا له‌ عێراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى عێراق، گفتوگۆى لایه‌نه‌كان بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌ت، په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.
نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگى و پێویستیى سه‌قامگیریى سیاسى له‌ عێراق و هه‌بوونى متمانه‌ و تێگه‌یشتنى هاوبه‌شیی لایه‌ن و پێكهاته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى سیاسى و ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ وڵات كرده‌وه‌.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى یه‌كهه‌ڵوێستى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا و هیوایان خواست گفتوگۆ و هه‌وڵى هێزه‌ سیاسییه‌كان و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌ش و سه‌قامگیریى سیاسى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، باسیان له‌وه‌ش كرد كه‌ دۆستانى عیراق به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ گفتوگۆى لایه‌نه عیراقییه‌كان ده‌ڕوانن.
باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق پابه‌ندیى وڵاته‌كه‌ى به‌ به‌رده‌وامیى كاركردن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و سوپاسى ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا كرد و به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى.
پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانى ئه‌م دواییه‌ و به‌ئامانجگرتنى باره‌گاى نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و باره‌گاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا، دۆخى په‌تاى كۆڤید_19، پرسى كۆچ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا و كونسولى گشتى و ڕاوێژكارى به‌رگرى له‌ كونسولخانه‌ى گشتیى به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ بوون.