به‌ راسپاردەی ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین و ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا هەردوو کۆلێژی شوێنەوار و ڤێرتەرنەریی لە زانکۆی سەلاحەدین بکرێنەوە.

پرۆفسیۆر دکتۆر جەوهەر فەتاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر رایگه‌یاند، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، به‌ راسپاردەی ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، بڕیاریدا دوو کۆلێژی تازە لە زانکۆی سەلاحەدین بە ناوەکانی کۆلێژی شوێنەوار و ڤێرتەرنەری بکرێنەوە.

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین  راشیگه‌یاند، کۆلێژی شوێنەوار یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ڤێرتەرنەریش لەسەر ئاستی هەولێر بکرێنەوە.

سەرۆکی ئه‌و زانكۆیه‌ ده‌شڵێت، “کردنەوەی هەردوو کۆلێژ لە سەربنەمای توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی و ئەکادیمی بووه‌، ماوەی چەندین ساڵە لە رێگەی چەندین لیژنەوە کار بە پڕۆسەی دڵنیایی جۆری کارگێڕی زانستی كراوه‌”.

پرۆفیسۆر دکتۆر جەوهەر ئەوەشی روونكرده‌وه‌، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرینگی بە خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی دەدات، بەپێی نەخشە رێگای ئەو کابینەیە، کار دەکرێت بۆ زەمینەسازی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان.

زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، لە ساڵی 1981 دامەزراوە، یەکێکە لە دێرینترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە (15) کۆلێژ و (76) بەشی زانستی خوێندنی بەیانیان و (14) بەشی زانستی خوێندنی ئێواران پێکهاتووه‌، بە کردنەوەی ئەو دوو کۆلێژە ژمارەی کۆلێژەکانی دەبێتە (17) کۆلێژ.

لە ساڵی 2007یشەوە هەردوو زانکۆی هەولێری پزیشکی و زانکۆی سۆران لەو زانکۆیە جیابوونەتەوە و بوونەتە دوو زانکۆی سەربەخۆ.