پارێزگای هەولێر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند کە بڕی 350 ملیۆن دینار بۆ هاوکاریی و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر، لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە ڕاده‌ستی پارێزگاری هه‌ولێر كرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر، سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ، سێشەممە 4/1/2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی لە هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندێکى یاوەرى کردووە کە پێک هاتبوو لە قائیمقامی قەزاکانی مێرگەسۆر، چۆمان، ڕەواندز و سۆران.

لە دیدارەکەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاندووە کە ماوەى چەند ڕۆژێکە لەڕێگەى ژمارە حسابێکى بانکییەوە کەمپینێکیان لە سۆران، ڕەواندز، مێرگەسۆر و چۆمان لەژێر ناونیشانى ”ئازارەکانى ئێوە، ئازارى ئێمەیە” ڕاگەیاندووە و ئەمڕۆش هاتوون ئەو هاوکاری و کۆمەکانەى لەو کەمپینەدا کۆ کراونەتەوە بگەیەنن بە لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر کە بڕەکەى 350 ملیۆن دینارە.

پارێزگارى هەولێریش وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندى یاوەرى، دەستخۆشیى لەو هەڵوێستە مرۆییەیان کردووە و سوپاسى بەشداریى هاووڵاتیانى سۆران، ڕەواندز، مێرگەسۆر و چۆمانى کردووە بۆ هاریکارى و یارمەتیدانى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى هەولێر و ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی بە گرنگ و پەیامێکى گەورە و لەبیرنەکراو و مایەی شانازی وەسف کردووە.