سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەرکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتاییهات و سەرجەم کەرەستەکانیشیان بردە دەرەوەی وڵات.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەتویتێکدا ڕایگەیاند: ئەرکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی هات و سەرجەم کەرەستەکانیشیان بردە دەرەوەی وڵات، لەمەولا ئەرکی ئەوان دەبێتە ڕاوێژکاری و پاڵپشتی بە گوێرەی دەرەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیژی.

لە تویتەکەیدا هەروەها نووسیویەتی ” سوپاس بۆ هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش و هێزەکانمان ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان.”

جێی باسە لەماوەی ڕابردوودا عێراق و هاوپەیمانان لە چوارچێوه‌ی کۆبوونەوەکانی دیالۆگی ستراتیژی ڕێککەوتبوون لەسەر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانییان، تەنها ئەرکییان دەبێتە ڕاوێژکاری.