ئەمڕۆ ٢٩ی ١٢ی ٢٠٢١ دوایین زیانلێکەوتوانى لافاوى یەکەمى هەولێر قەرەبوویان وەرگرتەوە، کە لە ناوچەکانى گوندى کۆری و شارى زێڕین و گردجوتیار و ناوچەى تەقتەق زیانیان لێکەوتبوو.
ئهمڕۆ چوارشهممه ٢٩ی ١٢ی ٢٠٢١، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر له پرێس كۆنفرانسێكدا باسی لەوە کرد، کە لە رۆژى ٣٠ی١٠ و ١٧ی١٢ى ئەمساڵ، دوو لافاو لە هەولێر روویان دا، کە زیانێکى زۆری مرۆیی و دارایی لە هەولێر دا، بۆ لافاوى یەکەم، کە بڕیار درا قەرەبوو بکرێنەوە، ئەمڕۆ دوایین رۆژە تایبەت بە قەرەبووکردنەوەى لافاوى یەکەم، کە زیانەکانى بە بری پێنج ملیار دینار و ٨٥٣ ملیۆن دینار خەمڵێنراوە، کە لەلایەن دەزگا خێرخوازییەکان و کەسایەتییەکانەوە چوار ملیار و ٤٦٠ ملیۆن دینار هاوکارى کراوین و بڕی یەک ملیار و ٣٩٣ ملیۆن دیناریش لەلایەن حکوومەت دابین کراوە.
ئهوهشى خسته ڕوو، لە رۆژى ٣٠ی١٠ی٢٠٢١ لافاو لە گوندى کۆری و شاری زێڕین و گردجووتیار و تەقتەقى داوە و بەو هۆیەوە ٨٢٦ خێزان ناوماڵ و کەلوپەل و خانووەکانیان تێکچووە و ٣١٣ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە، ئەوە جگە لە تێکچوون و زیان گەیشتن بە موڵکى میری و شوێنە گشتییەکان و چارەسەرکردنى ڕێڕەوى ئاو.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئومێد خۆشناو، گوتى: “لە لافاوى دووەمى هەولێر، کە رۆژى ١٧ی١٢ لافاو لە ١٥ شوێنى پارێزگاى هەولێری داوە، کە بەو هۆیەوە سێ هەزار و ٢٧٦ فۆرم لەلایەن زیانلێکەوتوانى ئەو لافاوەوە پڕکراونەتەوە، کە دوو هەزار و ٧١٧ خانوو ناوماڵیان نەماوە و هەزار و ٢٦ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە و ٣٧٥ خانووش دیوار و دەرگایان تێکچووە”.
بۆ هاوکاریی ئەو لێقەوماوانەش، کە دوو ژمارە بانکى کراوەتەوە، تا ئێستا ئەو پارەیەى هاتووە شەش ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە و بایی سێ ملیار دیناریش هاوکارى بۆ ئەو زیانلێکەوتوانە دابین کراوە.









