جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کۆ دەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-12-2021، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە پەرلەمان، رایگەیاند: پارتی و یەکێتی لێژنەیەکی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ دروستکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، پێک دەهێنن.
تیمی پارتی لە لێژنەکە بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەبێت و تیمی یەکێتیش ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتی دەکات.
هێمن هەورامی هەروەها رایگەیاند: لێژنەکە ”لەم چەند رۆژە“ کۆ دەبێتەوە و بەرنامەیەکی هاوبەش بۆکۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، دادەڕێژێت.
لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: لە سەرەتای مانگی 1ـی 2022، پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کۆ دەبێتەوە و ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە.
هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە، کە چەند لایەنێکی نوێ هاتوونەتە ناو پەرلەمان و پێویستە ئەوانیش نوێنەریان لە کۆمسیۆن هەبێت، بۆیە دەیانەوێ کۆمسیۆن کارا بکەنەوە و تیمێکی نوێی بۆ دابمەزرێنن.









