دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، بەبۆنەی ساڵی نوێ و سەری ساڵی زایینییەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری لەگەڵ كەنیسەی شاری تویفنی سویسری هاوكاری بەسەر 505 خێزانی كەمدەرامەتی كریستیان لە شارۆچكەی عەنكاوە دابەش دەكەن.

لە ڕاگەیانراوێکدا دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانە بەبۆنەی 25/12 جەژنی سەری ساڵی كریستیانەكانەوە پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ كریستیانەكانی دانیشتووی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكات، لەو چوارچێوەیەدا بەهاوكاری لەگەڵ كەنیسەی شاری تویفنی سویسری هاوكاری (پارسێلی خۆراک و تەندروستی و بالیف) پێشكەشی (505) خێزانی كەمدەرامەتی كریستیانی نیشتەجێی شارۆچكەی عەنكاوە دەكات.

لەمبارەیەوە ئیسماعیل عەبدولعەزیز بەڕێوەبەری بەشی فریاگوزاریی و هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند: ئێمە لەژێر دروشمی شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت كە وتەیەكی بارزانیی نەمرە و لەژێر چەتری ئەو وتەیەدا خزمەت دەكەن، بەبێ جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و زمانەكان هاوكاری و پێداویستی بەسەر ئەو كەس و خێزانانەدا دابەش دەكەین كە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە.