وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕای گشتی رای گەیاند پەرلەمانتار عەلى حەمەساڵح لەسەر بابەتی داهاتى ناوخۆ و مووچە، هەندێک داتا و زانیاریی باس کردووە، کە دوورن لە ڕاستییەوە.
وەزارەتی دارایی بە پێویستی زانیوە ڕوونکردنەوەیهکی پێویست لەمبارەیەوە بدات بۆ ئەوەى ڕاستییەکان وەکو خۆیان و دوور لە شێواندن و موزایەدە بگەنە ھەموو لایەک، ئاماژەی بەوە داوە خەرجییەکانى حکوومەتى هەرێم بۆ مانگى ١٠ کە لە خشتەیەكى خوارەوەدا ڕوون کراوەتەوە، تەنیا بۆ مووچە بڕى ٨٧٣ ملیار دینار خەرج کراوە و بۆ مانگى ١١ تا ئەمڕۆ، بڕى ٦٧١ ملیار دینار خەرج کراوە و ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە تەمویلەیش کە حکوومەتى فیدراڵی مانگانە دەینارد لە چوارشەممەی رابردووەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نەنێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە چەند تێبینییەكیشدا رای گەیاندووە كە جگە لە داهاتى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان لە مانگى ١١ کە بڕەکەى (٥١٢ ملیار دینار) بووە بۆ تەواوکارى مووچە و خەرجیەکانى تر سەرجەمیان لە داهاتى ناوخۆ تەمویل کراوە.
لەم خشتەیەی خوارەوەشدا، تەنها داهات و خەرجى مانگەکانى (١٠ و ١١)ى تەمویل کراوە بۆ مووچە ڕوون کراوەتەوە بەبێ ئەو وەزارەتانەى کە ئێستا بۆ مووچەى مانگى (١١) تەمویل نەکراون. ئێستاش بۆ تەواوکارى مووچەى مانگى (١١) حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە نزیکەیى پێویستى بە (٢٠٠) ملیار دینار دەبێت کە بریتییە لە تەمویلى حکوومەتى فیدراڵی.
ئەوەشی باس كردووە كە جگە لە مووچە، ئەوەى لە داهاتى ناوخۆ دەمێنێتەوە تەمویل دەکرێت بۆ خەرجیەکانى کرێى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا، پاککردنەوەى شار و شارۆچکەکان، دەرمان، پێشینەى سەرجەم فەرمانگەکان وخەرجى پڕۆژە بەردەوامەکان و خەرجیەکانى ترى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە بە نزیکەى زیاتر لە (٢٠٠) دووسەد ملیار دینار دەبێت مانگانە، کە لە داهاتى ناوخۆ تەمویل دەکرێت کە لە ئێستادا ئەم خەرجیانە بۆ کەمترین ئاست کەم کراوەتەوە.
لە کۆتاییشدا وەزارەتی دارایی رای گەیاندووە كە پرسیار لە هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە زانیاری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، جگە لە نائومێدکردن و دروستکردنى بێ متمانەیى لەناو خەڵکدا، نە خۆیان و نە حزبەکانیان و کەسیان لە هەڵبژاردندا سوودیان لێ نەبینی، دەرکەوت لە سایەى موزایەدە و ئەنارشیزمدا، تەنها کورد و خەڵک و هەرێم زەرەرى کردووە.









