ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، چاکسازییەکانیان لەم کابینەیەی حكوومه‌ت ئاشکرا دەکات و بەرپرسێکی وەزارەتەکەش ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی چاکسازییەکانەوە، زیاتر له 10 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێندراوەتەوە و سێ کۆمپانیاش هەڵوەشێندراونەتەوە.

دیلان ڕه‌شاد، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حکوومەتی هەێمی کوردستان   ڕایگەیاند: “لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، 49 کۆمپانیا بەپێی یاسا ئاگادار کراونەتەوە، کە پابەندی پێدانی لایەنی دارایی بن، 15 لەو کۆمپانیایانە دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا کراون و 21 کۆمپانیاش قەرزەکانیان داوە بە خەزێنەی گشتی”.

ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆی 15 کەیس لە دادگادا، 8 لەو کەیسانە لە بەرژەوەندیی وەزارەت تەواو بوونە و نوێنەرە یاساییەکانیان بەردەوامن و کار لەسەر کەیسەکانی تریش دەکەن. گوتیشی: “سێ کۆمپانیا، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە یاسا و ڕێنوێنییەکان، هەڵوەشێنراوتەوە و کۆتایی بە گرێبەستەکانیان هاتووە”.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ئاشکراشی کرد: “بەهۆی چاکسازییەکانیان، نزیکەی 6 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێنراوەتەوە، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کەیسێکی یاسایی بردووەتەوە، بە گوژمەی 2 ملیار 300 ملیۆن دینار، کە دەبێت بەمزووانە بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی”.

دیلان ڕه‌شاد باسی لەوەش کرد، بەهۆی پێداچوونەوە بە گڕێبەستەکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بۆ دامەزراوەکانی حکوومەت، توانراوە 2 ملیار دینار لە ساڵێکدا کەم بکرێتەوە، توانای ئینتەرنێتیش بە ڕێژەی 40٪ زیاد کراوە و گەرەنتی کراوە، کە لەدوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکە، تەواوی پڕۆژەکە لەلایەن حکوومەتەوە خاوەنداریەتیی بکرێت”.

گوتیشی: “22 گرێبەست لە فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تیی هەولێر پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، 12 گرێبەست بەپێی یاسا کۆتاییان پێ هێنراوە، هەروەها 10 گرێبەست هەموار کراونەتەوە و قەبارەیەکی دارایی گەورە بۆ خەزێنەوەی دەوڵەت گەڕاوەتەوە”.

دیلان ڕەشاد جەختی کردەوە، کۆمەڵێک چاکسازیی دیکە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەکرێت، دەشڵێت: “بەبێ پاڵپشتیی بەردەوامی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ستافەکەی و هەماهەنگیی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و تەواوی ئەندامانی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەک تیم، ئەم دەستکەوتانە نایەنە دی”