پارێزگای هەولێر ئاگادارییەك بۆ بەخاوەنکردنی ئەو زەویانەی كە لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆیی لەسەر کراوە بڵاودەكاتەوە.
لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێكدا بڵاویکردووەتەوە: “بۆ بەخاوەنکردنی ئەو زەویانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆیی لەسەر کراوە ئاگاداری گشت خاوەن خانووە زێدەڕۆکانی سنووری شارەوانیەکان دەکەینەوە کە یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەویانەی لە سنووری شارەوانیەکان زێدەڕۆیی لەسەر کراوە، دوای هەموارکردنەوەی لەپەرلەمان بەیاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021، ئیستا بەرکارە و لێژنەکانمان لەتەواوی قەزا و ناحییەکان دەست بەکارن”.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە كە دەبێت داواكاری پێشكەش بكرێت بە لیژنە، و هاتووە: “پێویستە هاووڵاتییان بەزووترین کات سەردانی لێژنەکان بکەن بەمەبەستی پێشکەش کردنی داواکاری تەملیک کردن، لەبەر ئەوەی ماوەکە دیاریکراوە و بە پێچەوانەوە مافی تەملیک کردنیان نامێنێت”.









