کۆمپانیای دیلۆیت ڕاپۆرتی خۆی بۆ چارەکی یەکەم و دووەمی تایبەت بە وردبینیی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بڵاوکردەوە
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە، چوارچێوەی پرۆسەی وردبینی سەربەخۆیی کەرتی نەوت و گاز، وەک بەشێک لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافیەت لە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی پشتڕاستکراوی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە پێگەی فهرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە.
ڕاپۆرتەکە، شیکردنەوەیەکی چارەکە ساڵانە پێشکەش دەکات دەربارەی زانیارییەکانی هەناردەکردنی نەوت و ڕێژەی نرخەکان و لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دراوە.
لە ڕاپۆرتەکە هاتووە: لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٧٧,٣٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بۆڕی، هەناردەی دەرەوە کردووە. هەروەها ٣,٩٥ ملیۆن بەرمیل بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان تەرخان کراوە. ٧٦,٨٦٩ ملیۆن بەرمیل لە نەوتی خاوی هەناردەکراو گواستراوەتەوە لەلایەن فرۆشیارانەوە لەڕێی بەندەری جەیهان بە تێکڕای نرخی ٥٣,٤٤٦ دۆلار بۆ یەک بەرمیل. لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا.
ئاماژە بەوەش دراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٤,١ ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی هەناردەکراوی نەوتی خاوی بەدەستهێناوە. لە دوای دانەوەی شایستەکانی مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەرانی بۆرییەکان و کڕیاران، ١,٧٣٧ ملیار دۆلاری وەک سافیی داهاتەکانی نەوتی خاوی بۆ مایەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکانی وردبینیکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە، و لە ساڵی ٢٠١٩وە داتا و زانیاری پێشکەش کردووە لەبارەی ڕەسیدی پێشەکیدراو بە هەرێمی کوردستان کە قەرزاری کڕیارەکانی نەوتە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئاشکراکردنی زانیارییەکان فراوان کران و هاوتاکردنی داتاکانی نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکان و بەکاربردنی ناوخۆشی گرتەوە










