ئەمڕۆ هەینی نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بە زمانی كوردی پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی دوێنێ شەوی هێرشەكەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش كرد.

یۆنامی پەیامەكەی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی “سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەوانە دەکەین کە لە هێرشە قێزەونەکەی شەوی ڕابردووی مەخمووردا گیانیان لەدەست دا و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین”.

لە بەشێكی تری پەیامەكەدا هاتووە “بێگومان پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لە شەڕی ئێستای دژی تیرۆریستانی داعشدا لەوپەڕی گرینگیدایە”.