لێژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیاندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڵاوکردەوە بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد کە تێكدانی ئارامی و جوڵەی ژیانی خەڵك بەهیچ جۆرێك رێگەپێدراو نیە و هێڵی سوورە.

ئەمشەو سێشەممە 23/11/2021، لێژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندووە: “خۆپیشاندان بەشێوازێكی ئارام و شارستانانیانە دیوێكی جوانی كایەكانی دیموكراسیە، رێز لەداواكانی خوێندكاران دەگرین، پەیامەكانیان گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی هەڕەمی دەسەڵاتی فەرمی حكوومەت، هێزە ئەمنیەكان رێنمایی پێویست كراون كە بەوپەڕی رێزەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەرە راستەقینەكان بكەن”.

ئاماژەشی بەوەداوە: “تێكدانی ئارامی و جوڵەی ژیانی خەڵك بەهیچ جۆرێك رێگەپێدراو نیەو هێڵی سوورە، سەرپێچیكاران رووبەڕووی توندترین سزای یاسایی دەبنەوە، لیژنەی باڵای ئەمنی – سلێمانی هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ سەرجەم بریندارانی خوێندكاران و هێزە ئەمنییەكان دەخوازێت”.